په‌یامێك له‌سه‌دره‌وه‌.. "دوژمنان چاوترسێن ده‌كه‌ین"

عیراق

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4905 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، داوای لەشوێنکەوتوانی کردوه‌، ئامادەکاریی بکەن بۆ نوێژێکی هەینیی یەکگرتوی ملیۆنی لەپارێزگای بابل.


بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە واژۆی موقتەدا سەدری لەسەرە، سەدر جەختیکردوەتەوە، ئەم بڕیارە لەپێناو "بەرژەوەندیی گشتیی‌و زیندوکردنەوەی نوێژی هەینی"یە.

لەبەشێکی پەیامەکەیدا سەدر دەڵێت، "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی‌و زیندوکردنەوەی ئەو نوێژە هەینییەی بەخوێنی شەهید سەدرو دوو کوڕەکەی ئاودراوە، هەروەها بۆ بەرزڕاگرتنی وشەی ئایین‌و مەزهەب، بەپێویستیدەزانم نوێژێکی یەکگرتوو لەسەرجەم عێراق ئەنجامبدرێت".

سەدر لەپەیامەکەیدا پارێزگای بابلی وەک شوێنی سەرەکیی گردبونەوەکە دەستنیشانکردوەو ڕایگەیاندوە، "با ئەمساڵ نوێژەکە لەپارێزگای بابلی ئازیز بێت، بۆ ئەوەی ببێتە گردبونەوەیەکی ملیۆنی‌و دوژمنانی پێ چاوترسێن بکرێت".

بانگەوازەكه‌ى موقتەدا سەدر وەک بەشێک لەنەریتی ساڵانەی ڕەوتەکە دێت بۆ زیندوکردنەوەی یادی یەکەمین نوێژی هەینی کە لەلایەن محەمەد سادق سەدر (باوکی موقتەدا سەدر) لەمزگەوتی کوفە ئەنجامدرا.

ئەنجامدانی نوێژی هەینی لای سەدرییەکان تەنها ڕەهەندێکی ئایینی نییە، بەڵکو وەک هێمایەکی سیاسیی‌و جەماوەری سەیر دەکرێت، محەمەد سادق سەدر لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا نوێژی هەینیی وەک مینبەرێک بۆ دژایەتیکردنی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بەکاردەهێنا.

لەساڵانی ڕابردوشدا، موقتەدا سەدر چەندینجار کارتی "نوێژی ملیۆنی"ی وەک نمایشێکی هێز لەدژی نەیارە سیاسییەکانی یان بۆ دەربڕینی هەڵوێست بەرامبەر بونی هێزە بیانییەکان بەکارهێناوە.

بەپەلە