ئیسرائیل هێرشیكرده‌سه‌ر دڵى ئێران.. بزانه‌ چى ڕویداوه‌

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەنوێترین پەرەسەندنی سەربازیی مەترسیداردا، سوپای ئیسرائیل قۆناغێکی نوێی لەهێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران ڕاگەیاند، ئەمجارە ئامانجەکە تەنها بنکەیەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو پێگەی (تەڵکان) بوو؛ ئەو شوێنەی کە وەک مێشک‌و ناوەندی پەرەپێدانی تەقەمەنییە پێشکەوتوەکانی چەکی ئەتۆمیی ئێران دەناسرێت.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى سوپای ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانیان بەپشتبەستن بەزانیارییە وردەکانی دەزگای هەواڵگریی (مۆساد)، هێرشێکی قورس‌و چڕیانکردوەتەسەر ناوەندی (تەڵکان)، ئەو شوێنە لەچوارچێوەی پڕۆژەی نهێنیی (عماد)دا بەکارهاتوە بۆ تاقیکردنەوەی ئەو تەقەمەنیانەی کە لەدروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمیدا بەکاردێن.

ئیسرائیل دەڵێت، ئەم هێرشە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (عەم کالۆی واته‌ گەلی دەستبەسەرکراو) دێت کە ئامانج لێی لەناوبردنی سیستماتیکی ژێرخانی زانیاریی‌و تەکنیکیی ئێرانە بۆ ڕێگریی لەدروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکردوە، "ئێران دوای هێرشەکەی تشرینی یەکەمی 2024، دەستیکردوەتەوە بەنۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنە، بەڵام گورزە نوێیەکەی ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، ئەو هەوڵانەی گەڕاندوەتەوە خاڵی سفر، هه‌ربۆیه‌ دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، هێرشه‌كانمان هەنگاوی چارەنوسسازن بۆ لابردنی ئەو مەترسییە وجودییەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بۆ سەر دەوڵەتەکەمان دروستیکردوە".

ئەم هێرشە نیشانەی ئەوەیە کە شەڕی نێوان تاران‌و تەلئەبیب چوەتە قۆناغی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەسەر خاڵە هەرە هەستیارەکان، لەکاتێکدا ئیسرائیل دەڵێت، ڕێگەنادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چاوەکان ئێستا لەسەر تارانن؛ ئایا ئەم گورزە دەبێتە هۆی پاشەکشەی بەرنامە ئەتۆمییەکە، یان ناوچەکە بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەتر دەبات؟.