شارپرێس:
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،
عێراق تائێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ وەرگرتنی قەرز پێشکەشی سندوقی نێودەوڵەتی
دراو نەکردوە، بەڵام هۆشداریشدەدات، بەهۆی جەنگی ناوچەکەوە 85٪ی هەناردەی نەوتی وڵات
لەگەروی هورمزدا ڕوبەڕوی مەترسیو دڵەڕاوکێی نێودەوڵەتی بوەتەوە.
مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی
عێراق، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان بەغداو سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF)ی
ئاشکراکردو ڕایگەیاند، "عێراق تائێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ وەرگرتنی قەرز
پێشکەشنەکردوە، بەڵام دۆخی ناوچەکە کاریگەریی قورسی لەسەر ئابوریی وڵات دروستكردوه".
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد،
"عێراق وەک ئەندامێکی چالاک پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سندوقەکە هەیەو ساڵانە
دوجار تیمی حکومەت بۆ ڕاوێژو هەڵسەنگاندن لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، لەئێستاشدا عێراق تەنها
سود لەهاوکارییە تەکنیکییەکانی سندوقەکە وەردەگرێتو هیچ بەرنامەیەکی نوێ بۆ وەرگرتنی
قەرزی دارایی لەئارادانییە".
مەزهەر محەممەد ساڵح هۆشدارییەکی توندیدا لەبارەی
کاریگەریی جەنگو گرژییەکانی ناوچەکەو ڕایگەیاند، "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی
زۆرترین زیانی بەرکەوتوە، 85٪ی بهرههمى نەوتی عێراق بەگەروی هورمزدا تێدەپەڕێت،
هەرجۆرە پەککەوتنێکی ئەم ڕێڕەوە، زیانی گەورە بەبودجەی گشتیی دەگەیەنێت، سندوقی نێودەوڵەتی
دراویش نیگەرانیی قووڵی لەسەر دۆخی جیۆپۆلیتیکی عێراقو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە".
بهوتهى ڕاوێژکارە داراییەکە، "ئەگەر عێراق
لەداهاتودا پەنا بۆ قەرز بەرێت، دەبێت وەک بەشێک بێت لەبەرنامەیەکی چاکسازیی گشتگیر
بۆ پشتیوانی بودجە یان کەرتی تەندروستیو پەروەردە، لەئێستاشدا پێویستیی هەرە لەپێشینەی
عێراق ڕاگرتنی جەنگە لەناوچەکەدا، تاوەکو کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر پرۆسەی هەناردەکردنی
نەوت کۆتایی پێبێت".
