له‌چه‌ند شوێنێكی نزیك كۆشكی سپی ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر بیسترا

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەدەوروبەری کۆشکی سپی کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەنگی زنجیرەیەک تەقە لەنزیک کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی بیسترا.


ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەناو باڵەخانەی کۆشکی سپیدا بوە.

ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو ڕۆژنامەنوسانەی بۆ ڕوماڵکردنی هەواڵەکان لەناو کۆشکی سپیدا بون، دەنگی چەند تەقەیەکی یەک لەدوای یەکیان بیستوە.

دەستبەجێ ئەندامانی دەزگای پاراستنی سەرۆکایەتی (Secret Service) ڕێوشوێنی توندیان گرتوه‌ته‌بەرو داوایان لەڕۆژنامەنوسەکان کردوە لەژوری کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا بمێننەوەو ڕێگەی چونە دەرەوەیان لێگیراوه‌ تائەوکاتەی ناوچەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوه‌.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای نهێنیی پاراستنی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕوداوەکە لەیەکتربڕینی شەقامی 17و شەقامی پێنسیلڤانیا بوە کە تەنها یەک بلۆک لەکۆشکی سپییەوە دورە.

میدیاکانی ئەمریکا باسیان له‌وه‌كردوه‌، لەئەنجامی ئەو ڕوداوی ته‌قه‌كردنه‌دا گومانلێکراوی سەرەکیی تەقەکردنەکە کوژراوەو کەسێکی دیکەش برینداربوە.

پەیوەست بەم بابەتە، کاش پاتێل بەڕێوەبەری نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) پشتڕاستیکردەوە، هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا بەوردی بەدواداچون بۆ ڕوداوەکە دەکەن‌و جەختیشیکردەوە، بەمزوانە وردەکاریی زیاتر بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکەنەوە.

پاتێل ئاماژەی بەوەشدا، لێکۆڵینەوەکان بۆ دەستنیشانکردنی پاڵنەرەکانی پشت ئەو تەقەکردنە بەردەوامن.

بەپەلە