شارپرێس:
سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، لیندسی گراهام هۆشداریی توند لەواژۆکردنی هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئەمریکاو ئێران دەداتو ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە تاران وەک هێزێکی باڵادەست لەناوچەکەدا دەردەخاتو ئاسایشی ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەکی جدییەوە.
لیندسی گراهام لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردوه، ئەگەر واشنتۆن لەبەر ترس لەهێرشەکانی ئێران بۆ سەر گەروی هورمزو ژێرخانی نەوتی کەنداو بچێتە ژێر باری ڕێککەوتن، ئەوا متمانەی سەربازیی ئەمریکا لەقدەبێت.
گراهام وتی، "ئەم تێکەڵەیە لەنیشاندانی ئێران وەک هێزێک کە بتوانێت بۆ هەمیشە هەڕەشە لەگەروی هورمز بکات، وەرچەرخانێکی گەورەیە لەهاوکێشەی هێزو لەداهاتوشدا دەبێتە کابوس بۆ ئیسرائیل".
ئەو سیناتۆرە کە یەکێکە لەپشتیوانە سەرسەختەکانی ئیسرائیل لەکۆنگرێس، گومانی خۆی لەئەنجامی جەنگەکە دەربڕییو وتی، "ئەگەر بڕیاربێت ئێران نەهێندرێتەسەر هێڵ، ئەوا مرۆڤ پرسیار دەکات، ئەسڵەن بۆچی جەنگەکە دەستیپێکرد؟، من بڕوام بەوەنییە نەتوانرێت ڕێگریی لەئێران بکرێت یان ناوچەکە نەتوانێت بەرگریی لەخۆی بکات".
ئەم هۆشدارییانەی گراهام لەکاتێکدایە کە دەنگۆی ڕێککەوتنێکی نوێ لەئارادایە، ئێرانو پاکستان پێشنیازێکی نوێیان بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگو کردنەوەی گەروی هورمز داوەتە ئەمریکا، ترهمپ ڕایگەیاندوە کە لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی (جی دی ڤانسو جارید کۆشنەر) پێداچونەوە بەڕەشنوسەکەدا دەکاتو لەچەند کاتژمێری داهاتودا بڕیار دەدات، بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن، دانوستانەکان تەنها بۆ کۆتاییهێنانە بەجەنگ لەهەموو بەرەکان (لەوانە لوبنان)و کردنەوەی هورمز، نەک دۆسیەی ئەتۆمیو لادانی گشتگیرى سزاکان.
