شارپرێس:
شێخ هەمام حەمودی زەنگی مەترسی بۆ لایەنەکانی ناو ماڵی شیعە لێدەداتو بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت، "هەر کشانەوەیەک لەچوارچێوەی هەماهەنگی، بەواتای خۆکوشتنی سیاسییو دۆڕان دێت"، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵاى ئیسلامى بەڕەتکردنەوەی بونی هەر هاوپەیمانییەکی نوێ، جەختدەکاتەوە، "چوارچێوهى ههماههنگى هێڵێکی سورەو ڕێگە بەهیچ درزێک نادەین".
شێخ هەمام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، پەیامێکی توندو یەکلاکەرەوەی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کردو جەختیکردەوە، "پاراستنی یەکپارچەیی ئەم هێزە لەسەروی هەموو بەرژەوەندییە کاتییەکانەوەیە".
لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی دیالۆگدا، شێخ حەمودی بەڕاشکاوی کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە باس لەدروستبونی جەمسەرێکی نوێ لەناو ماڵی شیعەدا دەکەن، ئهو ڕایگەیاند، "هیچ شتێک بەناوی هاوپەیمانیی بەهێزەکان بونی نییە"، ئەم لێدوانە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ هەر هەوڵێک کە ئامانجی دروستکردنی هاوپەیمانیی نوێ بێت لەدەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا هۆشدارییەکی توندیدایە ئەو لایەنانەی بیر لەکشانەوە یان تێکدانی یەکڕیزیی چوارچێوه دەکەنەوەو وتی، "هەر کەسێک لەچوارچێوەی هەماهەنگی بچێتە دەرەوە، زیانى گهورهى بهركهوتوهو دۆڕاوی یەکەم دەبێت، چوارچێوه هێڵێکی سورەو ڕێگە بەهیچ جۆرە هاوپەیمانییەک نادرێت کە هەڕەشە لەیەکگرتوییو توندوتۆڵییەکەی بکات، هەر هەوڵێکیش بۆ ڕێککەوتن لەدەرەوەی ئەم چوارچێوەیە، بەناواقیعیی سیاسیی وەسفدەکرێت".
حەمودی ئاماژەی بەوەشکرد، "پڕۆسەی تەواوکردنی کابینەی حکومەتو بڕیارە ستراتیژییەکان دەبێت تەنها لەڕێگەی تەوافوقی لایەنەکانی ناو چوارچێوهوه تێپەڕێت".
هاوکات جەختی لەبەرپرسیارێتی پهرلهمان کردەوە لەچاودێریکردنی وردی کارەکانی حکومەت لەم قۆناغە هەستیارەدا.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، شێخ حەمودی داوایکرد، ڕێگریی بکرێت لەو هەڵمەتە میدیاییانەی ئامانجیان شهقکردنو دروستکردنی درزە لەناو ڕیزە نیشتمانییەکاندا، ئهوهشى وت، "ئێمە هەڵەکانی ڕابردوو دوبارە ناکەینەوەو یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەولەویەتێکی نیشتمانییە".
