شارپرێس:
وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیدا پاش جەژنی قوربان شایستەی جوتیاران خەرج بکات، كەپارەی گەنمی ساڵی ڕابردوەو تائێستا بۆیان خەرجنەكراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ عەبدولرەحیم شممەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق سەردانی فالح ساری، وەزیری دارایی کردوەو لەکۆبونەوەکە گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستەکانی جوتیاران کراوە.
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، وەزیری دارایی بەڵێنیداوە پاش جەژن پارەی گەنمی جوتیاران خەرج بکات.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، گفتوگۆکراوە لەسەر پاڵپشتیکردنی کۆمپانیای عێراق بۆ بەرهەمی بنەتۆوی گەنم و زیادکردنی تەرخانی دارایی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ پاش ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وزاری بۆ ئابوری.
ئەمە لەكاتێكدایە، تاوەکو ئێستا 183ملیار و 205ملیۆن دینار، شایستەی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ڕابردوو خەرجنەکراوەو جوتیاران چاوەڕوانن لەگەڵ هاوتاکانیان لەپارێزگاکانی دیکەی عێراق پارەکانیان خەرجبکرێت.