شارپرێس:
مەسرور بارزانی
رایدەگەیەنێت، پێویستە لەبارەی ئەو چەکانەی گوایە لەلایەن ئەمریکاوە بە هێزێکی
کوردی دراوە، پرسیار لە حکومەتی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەگەر چەک درابێت، خۆیان
دەزانن بەکێیان داوە، هاوکات، مەسرور بارزانی باسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمیش
دەکات.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبونەوەی لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی
ئەهلی حەق، لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسێک لەبارەی چەکەکانی ئەمریکا باسی لەوەکرد،" پێویستە ئەم پرسیارە لە حکومەتی ئەمریکا بکرێت، چونکە ئەگەر ئەمریکا
چەکی رادەست کردوە، خۆشی دەزانێت رادەستی کێی کردوە".
وتیشی،"من بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێم ئێمە
ئاگادارنین، ئەو لایەنەی ئەمریکا چەکی رادەستکردوە با ئاشکرای بکات".
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، مەسرور بارزانی
دەڵێت،" ئێمەش ویستمان وایە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم زوو پێکبهێنرێت،
بەڵام دەمێنێتەوە سەر ویستی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردن دەنگیان هێناوە پابەندن بە
رێزگرتن لە دەنگی خەڵک بۆ پێکهێنانی حکومەت".