ناتانیاهۆ هۆشداری لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەدات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس: 

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێککەوتووە کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێران دەبێت مەترسیی ئەتۆمی بەتەواوی لەناو ببات.

بەوتەی ناتانیاهۆ ئەمەش هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم و گواستنەوەی ماددە پیتێنراوەکان بۆ دەرەوەی خاکەکەی دەگرێتەوە.

 نەتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ دووبارە جەختی لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هەڕەشەکان لە هەموو بەرەکاندا کردووەتەوە، لەنێویاندا لوبنان.

 هەروەها وتویەتی کە هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات لە مەیدانی جەنگدا هێزی خۆی سەلماندووە و سیاسەتی ئەو و ترەمپ نەگۆڕە کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

نەتانیاهۆ باسی لەوەش کردووە کە شەوی ڕابردوو لەگەڵ ترەمپ لەبارەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و دانوستانەکانی داهاتووی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دواوە، و پێزانینی خۆی بۆ پابەندبوونی ترەمپ بە ئاسایشی ئیسرائیل و هاوکارییە سەربازییەکانی نێوانیان دەربڕیوە.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی