شارپرێس:
لەدوای تێپەڕبونی 100 ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی گرژییەکان، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ دۆخی پەرەسەندنی سەربازییو ئاڵوگۆڕکردنی هێرشی موشەکیی لەنێوان ئێرانو ئیسرائیلدا.
شارەزایانو چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەم هەنگاوە نوێیەی تاران زیاتر لەوەی ئاماژەبێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەتاکتیکەکانی دانوستانو فشارە ناوخۆییو هەرێمییەکانەوە هەیە.
محەمەد ڕومەیحی توێژەری کوهیتی لەکاروباری کەنداو ئاماژە بەوەدەکات، ئەم پەرەسەندنە خێرایە لەکاتێکدایە کە کەناڵە دیپلۆماسییەکان هێشتا بەتەواوی دانەخراون.
ئەو دەڵێت، "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاهاتوە لەگەڵ دۆخی هەڵکشانو داکشان؛ هەنگاوێک بەرەو ڕوبەڕوبونەوەو دوو هەنگاو بەرەو پاشەکشە".
بەبڕوای ئەو، تاران دەیەوێت لەڕێگەی نیشاندانی هێزەوە، سەقفی داواکارییەکانی بەرزبکاتەوەو لەهەر ڕێککەوتنێکی گریمانکراودا مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد خوزاعی ڕاوێژکاری سیاسیی بەحرەینی، تیشکدەخاتەسەر ڕۆڵی حوسییەکانو دەڵێت، دەستوەردانی ئەوان لەدەریای سورو ئاراستەکردنی موشەک بەرەو ئیسرائیل، گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە.
هەروەک دەڵێت، "ئەمە پەیامێکی ڕونە بۆ واشنتۆنو وڵاتانی کەنداو کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنیی جێگیر نابێت مەگەر هەژمونی ئێران لەیەمەن لەبەرچاو بگیرێت، فشارە ئابورییە ناوخۆییەکانی ئێران وایکردوە دەسەڵاتداران پەنا بۆ دروستکردنی کەشێکی "بەرگریی" ببەن بۆ یەکخستنی ناوماڵی خۆیان.
لای خۆیەوە زافیر عانی سیاسەتمەداری عێراقی ڕەهەندێکی دیکەی گرنگ دەخاتەڕوو؛ ئەو پێیوایە، ئێران بەتوندی نیگەرانە لەهەر ڕێککەوتنێکی گریمانکراو لەنێوان لوبنانو ئیسرائیلدا کە خۆی تێیدا بەشدارنەبێت، بۆیە، پەرەسەندنە سەربازییەکان وەک ئامرازێک بۆ پەکخستنی ئەوجۆرە ڕێککەوتنانە بەکاردەهێنێت کە دەبنە هۆی لاوازکردنی پێگەی "حزبوڵڵا"و کەمکردنەوەی هەژمونی تاران لەناوچەکەدا.
لەکۆتاییدا، خالید سەڵال شارەزای ستراتیژییو ئەمنیی جەختدەکاتەوە، ناوچەکە لەئێستادا لەنێوان دوو ڕێیانی "دانوستانو تەقینەوەدا" وەستاوە، بەشێوەیەک هەرچەندە لایەنە سەرەکییەکان نایانەوێت بچنە ناو جەنگێکی وێرانکەرەوە، بەڵام بەردەوامی هێرشەکانو ئەگەری هەڵەی حیسابات لەم پێکدادانە ناوبەناوانەدا، هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ئاشتییو سەقامگیریی ناوچەکە دەمێنێتەوە.
