خوێناویترین هاوسەرگیریی زۆرەملێ؛ تاڵیبان دایك‌و كچێكى کوردی لەئەفغانستان کۆمەڵکوژ کرد

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5181 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پەردەی لەسەر تاوانێکی شۆککەرو خوێناوی لاداو ڕایگەیاند، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان لەویلایەتی "سەرپۆل" لەباکوری ئەفغانستان، ژنە کۆچبەرێکی کوردو کچە تەمەن 15 ساڵانەکەیان بەدەستڕێژی گولـلە کۆمەڵکوژ کردوە، دوای ئەوەی خێزانەکە داواکارییەکی هاوسەرگیریی بەزۆری بەرپرسێکی تاڵیبانیان لەگەڵ کچەکەیاندا ڕەتکردوەتەوە.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی تۆڕەکە، ڕوداوەکە کاتێک تەقیوەتەوە کە بەرپرسێکی فەرمانگەی حەج‌و ئەوقافی سەر بەتاڵیبان لەناوچەی "کۆهستانات"، داوای هاوسەرگیریی لەکچە ناکامڵەکە (سارا یوسفی ته‌مه‌ن 15 ساڵان) کردوە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی لەلایەن خێزانەکەیەوە، گروپێکی چەکداری تاڵیبان هەڵیانکوتاوەتەسەر ماڵەکەیان بۆ ئەوەی کچەکە بەزۆرەملێ ببەن؛ لەوکاتەشدا کاتێک دایکی کچەکە (جێمن حوسێن زادە) هەوڵی بەرگریداوە، چەکدارەکان دەستبەجێ دایک‌و کچەکەیان پێکەوە كۆمه‌ڵكوژ کردوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاشکراشیکردوە، تەرمی هەردوو قوربانییەکە گەڕێنراونەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و لەشاری بۆکان بەخاکسپێردراون، جێمن حوسێن زادە کە خەڵکی شاری بۆکانە، پێش نزیکەی 20 ساڵ دوای هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ پیاوێکی ئەفغانی، چوبوە ئەو وڵاتەو لەوێ نیشتەجێ ببون.

بەپەلە