شارپرێس:
لەپێشهاتێکی ئەمنی کوتوپڕو مەترسیداردا، پایتەختی عێراق بوە گەواهیدەری دەستگیرکردنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی لەناوجەرگەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا، بەتۆمەتی سیخوڕییو گەندەڵیی.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشكرایكردوه، هێزێکی تایبەت هەڵمەتێکی گەورەیان ئەنجامداوەو لەئەنجامدا بریکاری ئەمنیی لەدەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکراوە.
دەستگیرکردنی لێپرسراوێکی باڵا
بهگوێرهى زانیارییەکانی سەرچاوە ئەمنییەکان، کەسی دەستگیرکراو پێکهاتوە لە(لیوا ئەحمەد تەیار) کە یەکێکە لەسەرکردە باڵاو کاریگەرەکانی ناو جێبەجێکردنی بڕیارە ئەمنییەکانی عێراقو پۆستی "بریکاری ئەمنی" لەدەزگای ئاسایشی نیشتمانیدا هەبوە.
سیخوڕییو گەندەڵی..
تۆمەتە قورسەکان
دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرە باڵایە تەنها پەیوەست نییە بەدۆسیەی داراییەوە، بەڵکو تۆمەتی زۆر مەترسیدارتری ئاڕاستە کراوە لهوانهش تۆمەتی سیخوڕیی كه ئەوە قورسترینو سەرەکیترین تۆمەتە کە ئاڕاستەی لیوا ئەحمەد تەیارکراوە، هەرچەندە تائێستا سەرچاوەکان ئاشکرایان نەکردوە کە سیخوڕییەکە بۆ چ دەوڵەتێک یان چ لایەنێکی دەرەکی بوە، ههروهها تۆمەتی گەندەڵی، ئهوهش وهكو جهختى لهسهركراوهتهوه، هاوشانی دۆسیە ئەمنییەکە، چەندین کێشەی گەندەڵی داراییو کارگێڕی لەسەر تۆمارکراوە کە بونەتە هۆی جوڵاندنی هێزە تایبەتەکە بۆ دەستبەسەرکردنی.
بهگوێرهى دوایین زانیارییە دزەپێکراوەکان لەسەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا، تۆمەتی "سیخوڕیی" کە ئاڕاستەی لیوا ئەحمەد تەیار کراوە، پەیوەستە بەتێوەگلانی لەکێشەی "تۆڕی گوێگرتنی نایاسایی"و سیخوڕیکردن بەسەر بەرپرسانی ناوخۆی عێراقەوە، تۆمەتەکەش ئەوەیە کە ناوبراو ئامێری گوێگرتنو چاودێریی بەکارهێناوە بۆ تۆمارکردنی دەنگو ڕەنگی كهسایهتیه سیاسیی، ئەمنیو سەربازیی باڵای عێراق لەناو ماڵەکانی خۆیاندا.
تەمومژ لەسەر دۆسیەکە
ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە کە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق یەکێکە لەگرنگترین دەزگا سیادییو هەواڵگرییەکانی وڵات، دەستگیرکردنی بریکاری ئەمنی ئەم دەزگایەش بەکارێکی دەگمەنو لێکەوتەدار دادەنرێت، تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن سەرۆکایەتی وەزیران یان وتەبێژی فەرمی دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە لەسەر وردەکاریی زیاتری ئەم "سیخوڕییە" بڵاونەکراوەتەوەو دۆسیەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا پارێزراوە.