شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
لەژێر سێبەری پرۆسەیەکی فراوانی تورکاندنو قەدەغەکردنی گەڕانەوەی
کوردان بۆ سەرێکانی، دیمەشق بەفەرمی دان بەوەدادەنێت کە شارەکە بەتەواوی لەدەسەڵاتی
شەرعیی سوریا دەرچوەو ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەنكەرەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەندامێكى کۆمیتەی
بەڕێوەبەری کۆچبەرانی سەرێکانی-ش زەنگی دابڕانی تەواوەتیی سەرێکانی لێدەدات.
سەرەڕای تێپەڕبونی چەندین ساڵ بەسەر کۆچبەرکردنی دەیان هەزار نیشتەجێی
سەرێکانی، ئەم دۆسیەیە هێشتا یەکێکە لەگرنگترین بابەتە مرۆییو سیاسییەکانی باکورو
ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) لەکاتێکدا کە هەندێک لەکۆچبەرانی عەفرین لەمانگەکانی
ڕابردودا دەستیان بەگەڕانەوە کردوە، کۆچبەرانی سەرێکانی هێشتا چاوەڕێی بارودۆخی
گونجاوو ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە بۆ شارو گوندەکانی خۆیان.
لهوبارهیهوه جوان عیسۆ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆچبەرانی سەرێکانی
بهشارپرێسى وت، "وهفدى حکومەتی شام خۆیان پێیان وتین سەرێکانی هێشتا لەژێر
داگیرکاریی تورکیادایەو نههاتوهتهوه ژێر كۆنترۆڵى دیمهشق، بۆیه ئێمه جهختدهكهینهوه
دەبێت لەسەرەتادا سەرێکانی بگەڕێتەوەو بچێتهوه ژێر كۆنترۆڵى بڕیارهكانى پارێزگای
حەسەکە".
عیسۆ كه جگهلهوهى ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆچبەرانی سەرێکانیه،
هاوكات یهكێكه لهپارێزهره ناسراوهكانى ڕۆژئاواى كوردستانو سوریا-ش، ئهو سهبارهت
بهژمارەی کۆچبەرانی سەرێکانی کە لەئەنجامی پهلامارهكانى تورکیاو گروپە توندڕهوهكانى
سهر بهو وڵاته لەساڵی 2019دا کۆچبەربون، هەروەها هۆکاری نەگەڕانەوەی کۆچبەران
تائێستاو کاتی گەڕانەوەیان وتى، "بهگوێرهى دوایین سەرژمێریی کە پێش دوو
مانگ ئەنجامدرا، ژمارەی کۆچبەرانی سەرێکانی کە لەهەرێمی جزیرێ بڵاوبونەتەوە، 14 هەزار
خێزانن، واتە 80 هەزار کۆچبەر، ئەم کۆچبەرانە خەڵکی شاری سەرێکانیو دەوروبەرین".
ئاماژهى بهوهشكرد، "بەشێکی زۆری ئەو كۆچبهرانه لەبارودۆخێکی
سەختدا دەژینو تائێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەهۆی ئەوەی کێشە
ئەمنیو خزمەتگوزارییەکان لەناوچەکەدا بەردەوامن".
ئهوهشى وت، "دوای پهلامارهكانى ساڵى 2019، بۆسەر سەرێکانی،
کۆچبەرانی کوردو عەرەب لەسێ کەمپدا دەژین، کەمپی نەورۆز لەدێریک، کەمپی سەرێکانیو
کەمپی واشۆکانی لەشاری حەسەکە، ژمارەی کۆچبەرانی ناو ئەم سێ کەمپە، لەنێوان 32 هەزار
بۆ 33 هەزار کۆچبەردایە".
سەرەڕای ئەوەی لە ڕێککەوتن و کۆبوونەوە سیاسییەکانی دواییدا ناوی گەڕانەوەی
کۆچبەران زۆرجار هێنراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ میکانیزمێکی ڕوون بۆ گەڕانەوەیان جێبەجێ
نەکراوە.
سهبارهت بهئاساییكردنهوهى بارودۆخى سهرێكانیش لهكاتێكدا لهڕێککەوتنی
29ی کانونی دوەمدا خاڵێکی تایبەت بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران نوسراوهو ههر لهسهر
بنهماى ئهو ڕێكهوتنه ژمارهیهكى زۆر لهكۆچبهرانى عهفرین گهڕانهوه زێدى
باوو باپیرانیان، عیسۆ ڕایگهیاند، "بهڵێ ڕاسته خاڵێکی سەرەکیی ئهو ڕێكهوتنه
گەڕانەوەی کۆچبەرانی عەفرینو سەرێکانی بوو، بەڵام ئەم هەنگاوە زۆر دواکەوت، بەتایبەتی
بۆ سەرێکانی، ئەو هۆکارانەی کە وایكردوه کۆچبەرانی سەرێکانی نهتوانن بگهڕێنهوه
ئهوهیه، شاری سەرێکانیو دەوروبەری تائێستا لەپارێزگای حەسەکە دابڕێنراوە، واتە
دەبوو سەرێکانی لەڕوی کارگێڕییو خزمەتگوزارییەوە سەر بەپارێزگای حەسەکە بوایەو ئەو
بڕیارانەی دەردەچن سەرێکانیش بگرێتەوە، هەروەها دەبوو سیستمی تێکەڵکردن (ئینتیگراسیۆن)
لەسەرێکانیش جێبەجێبکرایە، لهههمانكاندا تاوهكو ئەمڕۆش سەرێکانیو دەوروبەری لەژێر
دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیادایە، چونکە ئاڵاو زمانی تورکی بەکاردەهێنرێت".
نهیشاردهوه، "واتە دەتوانین بڵێین سەرێکانی لەتەواوی سوریا
دابڕێنراوە، بنکە سەربازییەکانی تورکیا هێشتا لەشوێنی خۆیانن، هەروەها، ئەو گروپە
چەکدارانەی کە تورکیا لەساڵی 2019دا هێنایە سەرێکانی، هێشتا ماونو ئەوان دەستیان
بەسەر ماڵو مۆڵکی کورداندا گرتوه، لەلایەکی دیكهوه، بارودۆخی ئەمنی لەسەرێکانی
هێشتا ڕون نییە".
جهختیشیكردهوه، "سەرەڕای ئەوەش، ئەو بنەماڵه عهرهبو
هاوردانهى هێندراونو لەسەرێکانیو لهسهر ماڵو موڵكى هاوڵاتیانى كۆچبهر نیشتەجێبون،
دەبێت بچنە دەرەوە، بەڵام تائێستا نەچونەتە دەرەوە، ئەو ژمارەیەش کە چونەتە دەرەوە،
هەموو ماڵو موڵکی کوردانیان تاڵان كردوهو خانوهكانیشیان و وێرانكردوه".
جوان عیسۆ لهلێدوانهكهیدا بۆ شارپرێس ئاماژهى بهئهنجامدانى چەندین
کۆبونەوە كرد لهگهڵ بهرپرسانى باڵاى كوردو حكومهتى دیمهشقیش، ئهو زیاتر وتى،
"کۆبونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر، فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات
(هەسەدە)، پارێزگای حەسەکەو وهفدى حکومەتی دیمهشق ئەنجامداوه، ئهوهى جێگهى
سهرنجه ئهوهیه، وهفدهكهى حکومەتی دیمهشق بۆخۆیان ڕاستهوخۆ پێیان وتین، سەرێکانی
تائێستاش لەژێر دەسەڵاتی دیمهشقدا نییە، لەبەرئەوە کارێکی زۆر دەبێت بکرێت، بەتایبەت
چونەدەرەوەی ئەو بنەماڵانەی هاتونو لەسەرێکانی نیشتەجێبون، بۆیە، ئەم سەردانە دەبێتە
هەنگاوێکی نوێو دەتوانم بڵێم کارو چالاکییەکانمان بەردەوامنو لەماوەیەکی زۆر نزیکدا،
واتە لەنێوان دوو مانگدا، دەبێت گەڕانەوەی کۆچبەران دەستپێبکات".
