شارپرێس:
دوای نزیکەی دوو مانگ لەئاگربڕێكى لەرزۆکو کاتیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران بێدەنگیی ستراتیژیی خۆی شکاندو بەوەشاندنی شەپۆلێکی چڕو یەک لەدوای یەکی موشەکە بالیستییەکانی بۆ سەر قووڵایی ئیسرائیل، جارێکی دیكه خۆی هێنایەوە ناوەندی کێشمەکێشە ههرێمیهكان، ئەم هێرشە کە وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ بەئامانجگرتنی گەڕەکی باشوری بەیروت (زاحییە) هات کە پێشتر تاران وەک هێڵی سور ناساندبوی، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ گۆڕانی بنەڕەتی لەڕێساکانی پێکدادانو هاوسەنگیی هێز لەناوچەکەدا.
سیناریۆکانی بەردەم داهاتوی ناوچەکە
موعین کازمی سەرکردە لەڕێکخراوی بەدرو پەرلەمانتاری پێشوى پهرلهمانى عێراق ڕایگەیاند، ئەم گورزانەی کۆتایی ئێران سەلمێنەری کرداریی هۆشدارییەکانی پێشوی تارانن سەبارەت بەپێویستیی پابەندبون بەڕاگرتنی شەڕو نەپێکانی باشوری لوبنان.
کازمی ئاماژە بەوەدەکات، دۆخی داهاتوو لەنێوان دوو سیناریۆی سەرەکیدا دەسوڕێتەوە، یهكهمیان، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ: ئەمە ئەگەرە هەرە بەهێزەکەیە، بەهۆی ئەو بنبەستە سیاسییەی کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەناوخۆدا ڕوبەڕوی بوەتەوەو ئەو گوشارانەی کە دەیکات بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان، دوهمیش، بەردەوامیی پێکدادانە سنوردارەکان: مانەوەی شەڕەکە لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا بێئەوەی وڵاتانی ناوچەکە بخلیسکێنە ناو شەڕێکی گشتگیرو ماڵوێنکەر.
ئەو پەرلەمانتارەى پێشوى عێراق جەختیشیکردەوە، ئەم هێرشانە نیشاندەری پەرەسەندنی توانای سەربازیی ئێرانن، تاران لەماوەی هێوربونەوەی ڕابردودا، سودی لەکات وەرگرتوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی موشەکیی دورهاوێژو تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی سەربازیی.
گوشاری ئەمریکاو ترسی ئابوری جیهانی
لەلایەکی دیكهوه، هاشم کندی چاودێری سیاسیی پێیوایە، ئەمریکا بەچڕیی هاتوەتەسەر هێڵ بۆ ڕێکخستنەوەی سنوری گرژییەکانی نێوان تارانو تەلئەبیب، گوشارە ناوخۆییو دەرەکییەکان بەئاڕاستەی ڕاگرتنی ئەو پەرەسەندنە سەربازییە بون، بەتایبەت بەهۆی ئەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کە ئهگهرى ههبوو هێرشەکان لەسەر ئابوری جیهانو ئاسایشی وزە (نەوت) جێی بهێڵێت.
کندی دەڵێت، "ترسی وڵاتانی ئەوروپاو کەنداو لەتێکچونی هێڵەکانی دەریاوانی لەناوچەکەدا، پاڵنەرێکی سەرەکیی بوو بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە"، بەڵام لەهەمانکاتدا ئاماژە بەوەدەکات، کە وەڵامدانەوەی داهاتوی ئێران ڕەنگە لەڕوی مەوداو ئامانجەوە تەواو جیاوازبێت، ئەمەش وادەکات کاتژمێرو ڕۆژەکانی داهاتوو چارەنووسسازبن لەدیاریکردنی ئاڕاستەی ڕوداوەکان؛ یان بەرەو هێوربونەوەی هەمیشەیی یان تەقینەوەیەکی گەورەتری دۆخەکە.
لهم دیمەنە ئاڵۆزەدا، ئێران وەک کاراکتەرێکی سەرەکی لەکێشانی نەخشەی قۆناغی داهاتوو دەردەکەوێت، ناوچەکە لەبەردەم دەرگای کراوەی ئەگەرە جۆراوجۆرەکاندایەو ڕێساى نوێی پێکدادانەکان ڕەنگە تەنها لەیەک بەرەدا نەمێنێتەوەو پەلبکێشێت بۆ چەندین گۆڕەپانی دیكهى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
