شارپرێس:
چەکەکانی دەستی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یهپهژه) تەنها
ئامرازێک نەبون بۆ بەرگریکردن لەخاک، بەڵکو گۆڕدران بۆ پێنوسێک کە ژنان لەباکورو ڕۆژهەڵاتی
سوریا هاوکێشەیەکی نوێی هێزیان پێ نوسییەوە؛ هاوکێشەیەک کە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتیو
سەربازییەکانی بەیەکەوە تێکشکاند، لەدڵی ئەم ئەزمونە بێوێنەیەوە، چیرۆکی شەڕڤان شەمال
لەزگین دەردەکەوێت، کە بڕیاریدا ژیانی مەدەنی بەجێبهێڵێتو ڕوو لەبەرەکانی پێشەوەی
جەنگ بکات، بۆ ئەوەی ببێتە سیمبولی نەوەیەک لەو ژنانەی کە ڕەتیانکردەوە تەنها
قوربانی بن.
لەکۆستی کەسییەوە بۆ بەرگریی گشتیی
شەمال خەڵکی شاری کۆبانێی خۆڕاگرەو لەساڵی 2021دا بەفەرمی پەیوەندیی
بەڕیزەکانی یەکینەکانەوە کردوە، بڕیاری پەیوەندیکردنی ڕێکەوت نەبوه وهكو خۆى دهڵێت،
بەڵکو دەرەنجامی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی توندو تاڵ بوو؛ دەستپێکردنی بەدیمەنی وێرانکارییو
ئەو هێرشە بەردەوامانەی کە دهكرانهسەر ناوچەکەی، تادەگاتە ئەو کاریگەرییە قووڵەی
کە ڕزگارکردنی کۆبانێ لەسەر دەستی یەکینەکانی پاراستنی گەلو ژن لەچەکدارانی داعش
لەسەری جێیهێشت.
ئهوهش دهڵێت، "بەڵام گەورەترین پاڵنەر کە ڕێڕەوە سەربازییەکەی
دیاریکردم، لەدەستدانی ئازیزانم بوو؛ شەهیدبونی براکەمو چەند هاوڕێیەکی نزیکم
بوو، خاڵی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوە بون لەژیانمداو ههرگیز ئهو چهكه دانانێم".
شەمال لە بارەیەوە دەڵێت، "شەهیدبون بۆ ئێمە کۆتایی نەبوو، بەڵکو
لەقوربانیدانی ئەوانەوە هێزێکمان وەرگرت کە هانماندەدات بۆ بەردەوامبونو درێژەدان
بەو ڕێگهیەی ئەوان دەستیان پێکرد" .
شکاندنی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتیو سیاسییەکان
شەڕی شەمالو هاوڕێکانی تەنها لەبەرەکانی جەنگ دژ بەهێزە هێرشبەرەکان
نەبوو، بەڵکو هاوتەریب شەڕێکی دیكهش بوو دژ بەدابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ چەندین
ساڵ کۆتوبەندیان بەسەر ژناندا سەپاندبوو و ڕێگربون لەئازادییو توانای بڕیاردانیان.
شەمال ڕونیدەکاتەوە، بەشداربون لەڕیزەکانی یەکینەکاندا دەرفەتێکی بێوێنەی
بەژنی سوریی بهگشتیى بەخشیی بۆ تێگەیشتن لەمافەکانیو وەستانەوە دژ بەو پێشێلکاریانەی
ڕوبەڕوی دەبنەوە.
سەبارەت بەیەکەم ئەزمونی مەیدانی خۆی لەشەڕەکانی ناوچەی شەهبا لەسەرەتای
مانگی کانونی یەکەمی 2024و ڕوبەڕوبونەوەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفییە، شەمال
ئاماژە بەوەدەکات، قەبارەی ئەو پێشێلکاریانەی دژ بەمەدەنییەکان دەکران کاریگەرییەکی
قووڵی لەدەرونی شەڕڤاناندا جێهێشت.
دەشڵێت، "لەکاتی شەڕدا، تەواوی بیرکردنەوەمان لەسەر یەک ئامانج
چڕ دەبوهوە، ئهویش ئهوهبوو، چۆن بەرپەرچی هێرشبەران بدەینەوەو سەرکەوتن بەدەستبهێنین
بۆ پاراستنی ئەم خەڵکە بێتاوانە".
سەلماندنی بون سەرەڕای پشتگوێخستنی سیاسیی
لەچوارچێوەی ململانێ سیاسییەکانی دەوروبەری ناوچەکەدا، شەڕڤان شەمال
هەڵوێستێکی توندی نیشاندا بەرامبەر بەهەوڵەکانی بچوککردنەوەی ڕۆڵی یەکینەکان یان
تواندنەوەیان لەناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا، ئەو جەختیکردەوە، یەکینەکانی
پاراستنی ژن بەهۆی قوربانیدانەکانیان لەسەر زەوی، پێگەیەکی جیهانییان سەلماندوەو هەر
ڕەتکردنەوەیەکی سیاسیی بۆ ناسینیان، ناتوانێت ڕاستی ڕۆڵە مێژوییەکەیان بگۆڕێت.
شەمال لەکۆتایی قسەکانیدا، ڕەتکردنەوەی بێ مەرجی خۆی بۆ پاشەکشە
دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند، ئەو دەستکەوتانەی بۆ ژنان لەڕۆژئاوا بەدیهاتون، بەرهەمی
خوێنی چەندین ساڵی درێژخایەننو قبوڵنەکردنی ئەم هێزانە لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسییەوە
نابێتە هۆی ساردکردنەوەی ورەی شەڕڤانان یان پاشەکشەکردنیان لەو ڕێبازەی گرتویانەتەبەر
بۆ پاراستنی ناوچەکەو داڕشتنی واقیعێکی نوێ بۆ ژنان.
