بەرلەوەی کار لەکار بترازێت؛ هۆشدارییه‌كى به‌په‌له‌ بۆ سەرکردایه‌تى سیاسیى كورد

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەساتەوەختێکی مێژویی پڕ لەگۆڕانکاریی خێراو هاوکێشەی ئاڵۆزی ناوچەیی، دەنگی داواکارییەکان بۆ یەکخستنی ناوماڵی کوردی بەرزتر دەبنەوە، عەبدولکەریم عومەر نوێنەری ڕۆژئاوای کوردستان لەکۆبونەوەی گشتیی خولی 24مینی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (كه‌نه‌كه‌) کە لەهۆڵەندا بەڕێوەچوو، هۆشدارییەکی توندو مێژویی دەدات‌و ڕایدەگەیەنێت، یەکهەڵوێستیی گەلی کورد چیتر تەنها «داواکارییەکی سیاسیی» نییە، بەڵکو بوە بەفەرزێکی نیشتمانی‌و مەرجێکی بنەڕەتی بۆ مانەوە لەکایەکەدا.


مەترسیی ڕابردوو و وانەکانی مێژوو
به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان تیشکدەخاتە سەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاواو باشوری کوردستان لەئێستادا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنوسسازدان.

عەبدولکەریم عومەر ئاماژە بەپاشەکشەو نەهامەتییەکانی ڕابردوی ڕۆژئاوا دەکات کە بەهۆی ڕێککەوتنە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکانەوە بەسەر گەلی کورددا هاتون؛ ئەو ڕێککەوتنانەی کە هەمیشە لەسەر حیسابی خوێنی شەهیدان‌و مافە ڕەواکانی ئەم گەلە واژۆکراون، ئەو جه‌ختیكرده‌وه‌، قەبارەی ئەو مەترسییانەی لەئێستادا ڕوبەڕوی ناسنامەو بونی کورد دەبنەوە، زۆر لەوە گەورەترن کە یەک لایەن یان پارتێکی سیاسی بتوانێت بەتەنها پشتی پێبدات یان بەرگەی بگرێت.

پەیامەکەی ئۆجەلان؛ نەخشەڕێگه‌یەک بۆ تێپەڕاندنی گرێکوێرەکان
یەکێک لەخاڵە هەرە کاریگەرەکانی کۆنگرەکە، خوێندنەوەی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، ئەم پەیامە وەک هاوارێکی نیشتمانی وابوو بۆ تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە تەسکە حزبییەکان‌و داڕشتنی زەمینەیەکی هاوبەش، عومەر ڕونکردنەوەیدا کە ئەم پەیامە ڕێک لەگەڵ خواست‌و ئاواتی قوڵی زۆرینەی ڕۆڵەکانی گەلی کورددا دەنگدەداتەوە، کە تینوی قۆناغێکی نوێن لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینەو دیالۆگ.

کۆنگرەی نەتەوەیی گشتگیر؛ تاکە قەڵای پاراستنی دەستکەوتەکان
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، بانگەوازێکی بەپەلە ئاراستەی هەموو هێزەکان دەکرێت بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی گشتگیرو هەمەلایەن، ئەم کۆنگرەیە وەک تاکە چوارچێوەی یاسایی‌و سیاسیی دەبینرێت کە توانای هەیە سەرجەم وزەو تواناکانی کورد یەکبخات‌و پێگەی دیپلۆماسی‌و دەنگی ڕەوای کورد لەئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێز بکات.

وه‌كو به‌شداربوانى كۆنگره‌ى 24مینى كه‌نه‌كه‌ جه‌ختیانكرده‌وه‌، بەرپرسیارێتییەکی مێژویی کەوتوەتەسەر شانی هەموان؛ لەپارتە سیاسییەکان‌و دامەزراوەکانەوە تا دەگاتە ڕۆشنبیران، ژنان‌و گەنجان، ئه‌وان ده‌ڵێن، "کات کاتی بڕیاردانە؛ یان کارکردنی پێکەوەیی بۆ گۆڕینی هەڕەشەکان بۆ دەرفەتی مێژویی، یان ڕوبەڕوبونەوەی چارەنوسێکی نادیار کە مێژوو بەزەیی بەهیچ لایەکدا نایەتەوە".

بەپەلە