شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی ئەتڵەسی (ئەمریکی) پێیوایە، دەسەڵات لەئێران لەژێر سەرکردایەتی نوێدا لەڕوی کردەییو پێکهاتەییەوە جیاوازە لەو سیستمەی کە لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا حوکمڕانی ئێرانى کردوە، ئەمەش کاریگەریی تارانی لەبەغدا ڕێکخستوەتەوەو گروپە چەکدارە عێراقییەکانى لەدۆخێکی سەرلێشێواویدا جێهێشتوە.
بهگوێرهى ئەو ڕاپۆرتە، دەسەڵات لەسەردەمەى ڕێبەرى یەکەمدا واتە خومەینی (1979 ـ 1989) بەتەواوی لەدەستی ڕێبەردا بوو، سەرکردەی دواتر (عەلی خامنەیی 1989 ـ 2026) بڕیارە سیاسیو ستراتیژییەکانی کۆنترۆڵکرد، بەڵام سوپای پاسداران وردە وردە پشکی زیاتری لەپرۆسەی بڕیاردان بەدەستهێنا، لەسەردەمی موجتەبا خامنەیی-شدا ڕۆڵی ڕێبەر لاواز بوەو سیستمی حکومڕانى لەجۆرێک لەحوکمڕانى ئەنجومەنى سەربازیی نزیکبوەتەوە.
دوای بهئامانجگرتنى عەلی خامنەییو هاتنەسەرکاری موجتەبا خامنەیی، دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە و ڕێبەرى سێیەم ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە و دەرەنجام کاریگەریی ئەنجوومەنی ژەنەراڵەکانی سوپای پاسداران بەهێزتر کردووە. بەپێی هەڵسەنگاندنى ئەم دامەزراوە ئەمریکییە، گروپە چەکدارەکان لە عێراقدا بەسەر چوار برەدا دابەشبوون:
1. ئەو گروپانەی کە خۆبەدەستەوەدانى خۆیان ڕاگەیاندووە: ڕەوتی سەدر (سەرایا سەلام)، عەسائیبى ئەهلی حەق (قەیس خەزعەلی)، لیواکانی ئیمام عەلی (زەید الشبلی).
2. ئەو گروپانەی وا دەردەکەون کە ئامادەن بۆ خۆبەدەستەوەدان: ڕێکخراوی بەدر (هادی عامری)، لیواکانی سەید الشوهەدا، ساراڵڵا.
3. ئەو گروپانەى خۆیان بەدەستەوە نادەن: کەتایبى حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا.
4. ئەو گروپانەی تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە (چاوەڕوانی بڕیارى ئەوانی ترن).
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم جۆرە ناکۆکییانە لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی وەک داماڵینی چەک، لە سەردەمی عەلی خامنەیی (بە هاوکاری قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس) دەگمەن بووە. ئەم ناکۆکییانە لەگەڵ زیادبوونی گوشارەکانی ئەمریکا، گوشاری ناوچەیی (بەتایبەت وڵاتانی کەنداوی فارس) و ئەگەرى ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، قووڵتر دەبنەوە. گرووپە چەکدارە عێراقییەکان لە ئێستادا ڕووبەڕووی قەیرانی ڕێکخراوەیی بوونەتەوە و ئەگەری زۆرە دەرئەنجامەکەش زیادبوونی جیاوازییە لە هەڵوێستەکانیاندا.
پێشبینی دەکرێت زۆربەی گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان دابنێن، بەڵام بە هۆی هەژموونی سوپای پاسداران بەسەر بڕیارە ستراتیجی، ئەمنی و سیاسییەکان لە ئێران، یەکلاکردنەوەی پرسی گرووپە توندڕەوەکان قورستر دەبێت. ڕێککەوتنێکی ڕوونی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاسانترین ڕێگایە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو گرووپانە، ئەگەرنا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان واشنتۆن و ئەم گرووپانە زۆرترین ئەگەری ڕوودانى هەیە.
