شارپرێس:
پەیمانگای نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەکانی ئاشتیی هۆشداریی دەدات لە زیادبوونی مەترسییە ئەتۆمییەکان لە جیهاندا، هەرچەندە کۆی گشتیی کڵاوە ئەتۆمییەکان کەمبوونەوەیەکی کەمی بەخۆوە بینیوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە 12,241 دانەوە لە ساڵی 2025 بۆ 12,187 دانە لە ساڵی 2026 دابەزیوە، بەڵام ژینگەی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بەهۆی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ململانێی نێوان هێزە گەورەکانەوە زۆر مەترسیدارتر بووە.
کەریم حەجاج، بەڕێوەبەری پەیمانگاکە، ئاماژە بەوە دەکات کە جیهان لەبەردەم قۆناغێکی نوێی پێشبڕکێی پڕچەککردن دایە، چونکە چەندین وڵات بەردەوامن لە نوێکردنەوەی جبەخانەکانیان و پەرەپێدانی مووشەکی پێشکەوتوو و سیستەمی خێراتر لەدەنگ، بەتایبەت چین کە بە خێراییەکی بێپێشینە جبەخانە ئەتۆمییەکەی فراوان دەکات، هاوشانی هێزەکانی تری وەک ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا، هیندستان و پاکستان.
ئەوەش هاتووە: مەترسییەکان کاتێک زیاتر بوون کە ئامرازەکانی چاودێریی نێودەوڵەتیی پاشەکشەیان کردووە، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی پەیماننامەی "New START" لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە شوباتی 2026 بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی جێگرەوە، لەگەڵ شکستهێنانی کۆنگرەی پێداچوونەوەی پەیماننامەی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە زیادبوونی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییە ئامادەکراوەکان بۆ بەکارهێنان، ئەگەری هەڵەی لێکدانەوە یان هەڵچوونی بێمەبەست لە کاتی قەیرانەکاندا زیاتر دەکات، بۆیە داوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەکان و بنیاتنانەوەی متمانەی نێودەوڵەتیی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی سەقامگیریی جیهانی.