شاندێکی هەرێم بۆ هاوتاکردنی موچەی بەشێکی موچەخۆران دەچێتە بەغدا

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم کاردەكات بۆ هاوتاکردنی موچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا، دەشڵێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە بەغدا.


وەزارەتی دارایی و ئابوری لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و بەئامادەبونی عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و د. ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، لە دیوانی وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی كرد كە تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی هاوتاکردنی موچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ".

ئەوەشخراوەتەڕوو،" لەکۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دواین هەوڵەکان بەمەبەستی هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دەرچوە، ئەوەش دوای کۆبونەوە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق هاتووەتە ئاراوە ".

وەزارەتی دارایی دەشڵێت،" لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی بۆیان سەردانی شاری بەغدا بکات".