شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێس، یارمەتییە بەرگرییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەمەرجی چەکدانانی گروپە چەکدارەکان دەبێت.
دەزگاکە، کە ڕاوێژ بە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەدات، تیشکی خستە سەر گرنگی ستراتیژی عێراق و دەڵێت، عێراق لە گۆڕەپانێکدا هەڵکەوتووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندی بە ئێران، تورکیا، سوریا و نیمچە دورگەی عەرەبییەوە هەیە.
دەزگاکە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە " پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەهۆی گرژییە ناوچەییەکان و کاردانەوەکانی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران ئاڵۆز بووە، حکومەتی زەیدی ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە سەبارەت بە ئاراستە ستراتیژییەکەی، پابەندبوونی بە جەختکردنەوە لە کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر گروپە چەکدارەکان و پلانەکانی بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانە دارایی و وزە گەورەکان بەهۆی ململانێکانەوە”.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی عێراق کشاونەتەوە، بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئەمریکا و عێراق، و گواستراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق بەردەوامە، لە نێویشیاندا هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵی زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانی داعش کە لە سوریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی عێراق کراوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئامانجە مەدەنییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ، کە بووە هۆی لێدانی تۆڵەسەندنەوە و زیادبوونی فشارەکانی سەر عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
پێشنیاری ئەوەشی کردووە کە توانای زەیدی بۆ ئەو کارە ڕەنگە سنوردار و کاتی بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەویش وەک سەرۆکەکانی پێش خۆی، ڕووبەڕووی تەحەدا دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا یەکگرتوویی ناوخۆی عێراق و پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ دراوسێکانی ڕکابەر و ئەمریکا دەپارێزێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کۆنگرێس لە ساڵی ٢٠١٤ەوە زیاتر لە ٨.٤ ملیار دۆلاری بۆ عێراق تەرخانکردووە بۆ مەشق و ڕاهێنان و تەیارکردنی بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ڕوونیکردووەتەوە کە ڕەنگە کۆنگرێس سەیری پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بکات، لە کاتێکدا ئەندامانی کۆنگرێس قسە لەسەر داواکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ دەکەن بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧ بۆ هاوکارییە ئەمنییەکان، ئەمە جگە لە پێشنیارەکانی پەیوەست بە یارمەتییە دەرەکییەکان، ئەمنی، و ئایینی و کەمینە نەتەوەییەکان.
