شارپرێس:
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ئاشکرایان کرد کە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەدیهاتووە و ڕوونیکردەوە کە دانوستانەکان "زۆر لەوە زیاتر تێپەڕیوە" کە تەنیا باسکردن لە کردنەوەی گەرووی هورمزبێت.
ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەکردووە، دانوستانکارانی ئەمریکا بەشە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنێکی ئەتۆمییان لەگەڵ تاران تاوتوێ کردووە، کە دەبێتە هۆی وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بۆ ماوەی نزیکەی ١٥ ساڵ.
دەشڵێن، دیارترین بڕگەکانی ڕێککەوتنە پێشبینیکراوەکە بریتین لە ڕاگرتنی درێژخایەنی پیتاندنی یۆرانیۆم و کەمکردنەوەی چڕیی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە لە ئێستادا ئیدارەکەی سەرقاڵی ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەروەها ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دڵخۆشکەر هەیە لەگەڵ ئێران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە "ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتنێکی زۆر باش بکەن، ئەوانیش ئامادەن هەموو شتێکمان پێبدەن، لەوانەش بەدەستنەهێنانی چەکی ئەتۆمی".