یەكێتی بەفەرمی باس لەبوونی پرۆژەكەی دەكات بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی

کوردستان

02/01/2016‌ 4379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی چەند بنچینەیەكی گەڵاڵەكردووەو بڕیارە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات تاوتوێبكات بۆ رێكەوتنی نوێی نێوانیان. 

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرایكرد، كە لەدوا كۆبوونەوەی رۆژی (2015/12/30) بەئامادەبوونی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەو بنچینانەی بۆ دایلۆگ گەڵاڵەكراون لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، خوێنراونەتەوەو بڕیاردرا كە لەگەڵ شاندی باڵای پارتیدا، دانیشتنی لەسەر بكرێت.

راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەرچەندە بوونی "پرۆژەی ستراتیژی دووە" حیزبەكەی رەتیكردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە كردووە، كە ئەو بنچینانەی لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی‌و پێشتریش لەپێرارەوە لەكۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیدا، كە هەر هەمووی لەدەفتەری كۆنووسی كۆبوونەوەكاندا، نووسراون‌و تەوقیعیش كراون، گەڵاڵە كراون‌و كراونەتە بنچینە پێشنیازی گفتوگۆی نێوان یەكێتی‌و پارتی.

بەپێی راگەیەنراوێكی مەكتەبی سیاسی، دوای زانینی بیروبۆچوونی وەفدی پارتی، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسەر ئەو پرسە دەكرێت‌و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
 
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رەتیكردووەتەوە لەگەڵاڵەنامەكەیان هیچ لایەنێك فەرامۆشكرابێت‌و راشیگەیاندووە "نەك هیچ لایەكی سیاسی‌و لایەنە كۆتاكانیش فەرامۆشنەكراوون، بەڵكو هەموولایەك، "هاوتای یەكێتی‌و پارتی، بەپێی پێوەرو رێژەو سەنگی هەڵبژاردنەكان، پێشنیازی دابەشكردنی پۆستەكان لەسەرۆكایەتی هەرێمەوە، بۆ سەرۆك پەرلەمان، سەرۆك وەزیران، جێگرەكانیان، وەزیرو پۆستەكانی تر، دیاریكراوە، نەك لەسەر بنەمای پاوانی سیاسی‌و پشككاری".

چەند رۆژێك پێش ئێستا شارپرێس لەهەواڵێكدا ئاشكرایكرد، كە یەكێتی پرۆژەیەكی نوێی بۆ چارەسەری دۆخی سیاسی هەرێم هەیە، كە بڕیارە لەگەڵ پارتی تاوتوێی بكات‌و رێكبكەوێت لەگەڵی.

هــ . ح