سەركردەیەكی یەكگرتوو پەیامەكەی بارزانی بەچارەسەری كێشەكانی هەرێم دەزانێت

کوردستان

02/01/2016‌ 1725 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەبوبەكر كاروانی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: پەیامەكەی سەری ساڵی بارزانی هێوربوونەوەیەكی پێوە دیارەو دەكرێت بكرێتە سەرەتای دووبارە قسەكردنەوەیەكی‌ نوێ دەربارەی كێشەكانی هەرێم چارەسەری.

ئەبوبەكر كاروانی لەمیانی نووسینێك هەروەها دەڵێت: بارزانی لەپەیامەكەیدا دانی نا بەوەی پرۆسەی سیاسی هەرێم لەكێشەدا دەژی‌و پێویستی بەچارەسەرە، هەروەها ئامادەیی دەربڕین بۆ هەوڵدان لەپێناو نەهێشتنی كیشەكان‌و دووبارە نەبوونەوەیان.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكگرتوو، داوادەكات بەئیجابییەوە مامەڵە لەگەڵ بانگەشەكە بكرێت‌و لایەنەكان بكەونەوە جموجۆڵ لەپێناو زەمینەسازكردن‌و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان، كە بەوتەی ئەو "ئەوەی لەپەیامەكەشدا لەم رووەوە گرنگە ئەوەیە، كە هیچ پرسێكی نەخستووەتە سەرەوەو دەرەوەی گفتوگۆوە، بەسەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەتەوە".

ئەو سەركردەی یەكگرتوو، راشیگەیاندووە "پێویستە رەچاوی هەستیاری لایەنەكان‌و بەتایبەتیش هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێت بەحوكمی تایبەتبوونی دۆخەكەی‌و پەیوەندی بەپرسی پەرلەمان‌و حكومەتەوە، لەپێناو دەرچوون لەدۆخی چەقبەستوویی هەڵوێستەكان".

ئەبوبەكر كاروانی باسی لەوەش كردووە، كە دەكرێت بەچەند شێوەیەك كێشەكان چارەسەربكرێت، لەوانەش، هەندێك لێدوانی ئیجابی لەلایەن پارتییەوە، هەروەها گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان پارتی‌و گۆڕان (ئەگەر دانیشتنی ڕاستەوخۆ لەسەرەتاوە ئیجابی نەبوو، یاخود نەدەگونجا)و رێكەوتن لەسەر ئەوەی پێویستە.

رۆژی 31 مانگی رابردوو مەسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، كە تێدا داوای چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردو چەند دەستپێشخەرییەكیشی بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم خستەڕوو.

د . ح