پەرلەمانتارێك بەقورسی دەزانێت پارتی بتوانێت چاكسازی بكات

کوردستان

03/01/2016‌ 1723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنوەر قادر پەرلەمانتاری كوردستان دەڵێت: پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هێزە نییە چاكسازی بكات، چونكە "خۆی خوڵقێنەری سەرجەم نەهامەتییەكانە".

ئەنوەر قادر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی گۆڕان لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی رایگەیاندووە "پێم سەیرە پارتییەكان باسی چاكسازی دەكەن، لایەنێك خۆی سەرقافلەی گەندەڵی‌و بەهەدەردان‌و تاڵانكردنی سەروەت‌و سامانی خەڵك بێت، كەچی بەڕوویەكی زۆر قایمەوە باسی چاكسازی دەكات".

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پارتی پەرلەمانی پەكخستووەو دەستیشیگرتووە بەسەر حكومەتداو سەرۆكایەتی هەرێمیش شەرعییەتی نەماوە، بەڵام پارتی بە"ناشەرعی بەكاریدەهێنێت"، واتە كۆی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا لەلای ئەو حیزبەوە وەستاوەو "بەحكومی قەرەقوش دەستیگرتووە بەسەر سەرجەم جومگەكانی دەسەڵاتی هەرێم كەچی لەولاشەوە باسی چاكسازی دەكات".

ئەمە لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە پەرلەمانتارانی پارتی دیموكرات رایدەگەیەنن، لەمساڵدا حكومەتی هەرێم دەست بەچاكسازی دەكات‌و بۆ ئەو مەبەستەش چەند پرۆژەیەك خراوەتەڕوو.

ئەنوەر قادر جەختیكردووەتەوە،، چاكسازی كاتێك دەكرێت، كە یاسا سەروەر بێت نەوەك "حكومی بنەماڵەو دیوەخان"، كە ڕوون‌و ئاشكراشە "یاسا شكێنی‌و ستەمكارییەكانی ئەو حیزبە لە لوتكەدایە، خەڵكیش زۆر لەوە وشیارترە كە بەچەواشەكارییەكانی ئەوان هەڵبخەڵەتێت".

هــ . ح