مەحمود سەنگاوی: بەبێ بەشداری لایەنەكانی هیچ رێككەوتنێك سەركەوتوو نابێت

کوردستان

03/01/2016‌ 2832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنیازن رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان نوێبكەنەوەو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت: هەر رێككەوتنێكی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەبێ‌ لایەنەكانی تر سەركەوتوو نابێت. 

دوو رۆژ پێش ئێستا شارپرێس زانیارییەكی لەبارەی پڕۆژەیەكی یەكێتی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی بڵاوكردەوە، كە پرۆژەكە ئێستا ئامادەكراوەو بڕیارە بخرێتە بەردەم پارتی بۆ رێككەوتن، كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستانە، لەگەڵ نوێكردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست شارپرێس كەوتووە، پرۆژەكە پێش تێكچوونی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوەو لەگەڵ پارتی دیمكراتی كوردستانیش گفتوگۆیان لەبارەوە كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان پرۆژەكە خۆی لەچەند بوارێكی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی دەبینێتەوە، كە بڕیارە بەم نزیكانە كۆبوونەوەی كۆتایی لەبارەوە بكەن، كە ئەگەر هەیە ناوەڕۆكی پرۆژەكە بكرێتە رێككەوتنێكی نێوان هەردوولا.

لەو بارەوە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشارپرێسی وت: پێش ئەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان رووبدات لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بڕیارێكی وەها هەبوو، كە پارتی‌و یەكێتی پرۆژەیان هەبێت بۆ پێداچوونەوە بەپرۆژەی ستراتیژی نێوانیان، بەڵام پرۆژەكە لەسەر ئەرزی واقیع نەچووە پێشەوەو نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جەختیكردەوە، ئەوان خوازیارن پرۆژەیەكی سەردەمیانە بێت‌و لەئاستی خواستەكانی ئەم قۆناغەدابێت، بەتایبەتی بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریدا بەوەی ئەگەر رێككەوتنەكە لایەنەكانی تر بەشدارنەبن تێدا ئەوە سەركەوتوو نابێت.

پێشتر یەكێتی‌و پارتی رێككەوتنی ستراتیژی هەبوو لەنێوانیان، كە لەساڵی 2006 واژوویان كردبوو، تاساڵی 2013 بەردەوامبوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتنەكەی نێوانیان هەڵپەسارد.

بەوتەی مەحمود سەنگاوی ئەوەی پێشتر هەبوو زیاتر وەك پەیوەندییەكی سەربازی بووە، كە ئێمە هەردوولامان خاوەن هێزین، بەڵام دەكرێت ئێستا گەشەی پێبدەین.

شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئەوەشی زانیوە، كە ئەو پرۆژەیەی ئێستا ئامادەكراوە هەمان ئەو پرۆژی پێشوو نییەو گۆڕانكاری بەسەردا هێنراوە.

هــ . ح