دەیەوێت گۆڕان بخاتە دەرەوەی بازنە
پارتی لەهەوڵەكانی بۆ رازیكردنی یەكێتی‌و یەكگرتوو بەردەوامە

کوردستان

04/01/2016‌ 3081 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەوڵەكانی بۆ رازیكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەردەوامە، كە دەیەوێت بزووتنەوەی گۆڕان لەبازنەی پەرلەمان حكومەت بكاتە دەرەوە.

بەپێی ئەو زانیارییەك لەچەند سەرچاوەیەك دراوە بەشارپرێس، پارتی دیموكرات لەبەردەوامی هەوڵەكانی چەند كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبووەتەوەو لەكۆبوونەوەكاندا لەسەر پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم قسە كراوە.

هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەكان، لەكۆبوونەوەكاندا بەرپرسانی پارتی داوایان لەبەرپرسانی یەكێتی‌و یەكگرتوو كردووە، كە رازیبن بەرێككەوتنێك بۆ تەواوكردنی كەموكوڕییەكانی حكومەت‌و پەرلەمان پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لەو دوو سەرۆكایەتییەی هەرێم دروستبوون.

لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە، بەهۆی كێشەكانی نێوانیان، پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت‌و پەرلەمانی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوەو بەو هۆیەشەوە لەو بەروارەوە لەرێگەی هێزەوە رێگە لەیوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان لەپشكی گۆڕان‌و وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوەیە دەگرێت بگەڕێنە سەر كارەكانیان.

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، كە پارتی دەیەوێت، لەرێگەی رازیكردنی یەكێتی‌و یەكگرتوو پۆستەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەحكومەت پەرلەمان پڕبكاتەوە.

تێچكوونی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی بەهۆی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و چەند پرسێكی ترەوە بوو، كە تائێستاش پەیوەندییەكان ئاسایی نەبووەتەوەو ئەگەری ئاسایی بوونەوەشی زۆر لاوازە.

هــ . ح