فراكسیۆنی پارتی داوای بەدەمەچوونی لایەنەكان دەكات بۆ پەیامەكەی بارزانی

کوردستان

04/01/2016‌ 1448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد عەلی یاسین وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند دۆخی سیاسی ناگەڕێتەوە بۆ بەر لەدوورخستنەوەی گۆڕان لەپەرلەمان‌و حكومەت داوای بەدەمەچوونی لایەنەكانیش دەكات بۆ پەیامەكەی بارزانی.

محەمەد عەلی یاسین، ئەمڕۆ دوو شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند "حكومەت‌و پەرلەمان وەك یەك پاكێج مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت‌و دەبێت گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دەستپێبكاتەوە. 

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و پەرلەمانیشەوە، وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند "وەك پارتی هەوڵدەدەین پەرلەمان‌و حكومەت بەسازانێكی تازە لەیەك پاكێجدا لەگەڵ لایەنەكاندا گفتوگۆ بكرێت".

وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی، لەبارەی گۆڕانكارییەكانی حكومەت لەشێوەی بەشداری پێكردنی پێكهاتەكانییەوە باسی لەوە كرد، كە بۆ گۆڕانكاری لەهەر پێكهاتەیەكی حكومەت ئەوە لەڕێگای گفتوگۆو بەشداری لایەنەكان دەبێت لەئاستی قەبارەو بەشداریپێكردنیان.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 31 مانگی رابردوو مەسعود بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە، كە تێدا سێ‌ پێشنیاری بۆ چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو، تائێستاش تەنیا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو پێشنیارانەو پەیامەكەی بارزانی راگەیاندووە.

پێشنیارەكانی بارزانی بریتیبوون لەهەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم، یان دانانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم بەرێككەوتنی لایەنەكان، یانیش مانەوەی خۆی لەپۆستی سەرۆكی هەرێم تا ساڵی 2017.

هــ . ح