كاتی كۆبوونەوە بۆ رێككەوتن نزیكبووەتەوە
بارزانی چەند بانگهێشتنامەیەكی داوەتە بەرپرسیانی یەكێتی

کوردستان

05/01/2016‌ 3559 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كاتی كۆبوونەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆبوونەوەو رێككەوتن نزیكبووەتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش مەسعود بارزانی بانگهێشتنامەی داوەتە چەند بەرپرسێكی یەكێتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، تائێستا كاتی كۆبوونەوەی نێوان پارتی‌و یەكێتی بەتەواوی دیارینەكراوە، بەڵام بڕیارە بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی باڵا لەنێوان هەردوولا بكرێت، ئەوەش بۆ رێككەوتنی نێوانیان.

هەر بەپێی زانیارییەكان كۆبووونەوەكە بۆ تاوێوكردنی پرۆژەیەكی یەكێتییە، كە ئێستا ئامادەكراوە بۆ گفتوگۆ، بەپێی پرۆژەكە یەكێتی‌و پارتی رێككەوتنێكی نوێ‌ واژوودەكەن‌و ناودەنرێت "رێككەوتنی ستراتیژی بۆ قۆناغی دووەم".

 زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوەش دەكەن، كە مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی چەند بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی بەرپرسانی باڵای یەكێتی كردووە بۆ سەردانیكردنی‌و كۆبوونەوە لەگەڵیان.

ئەمە لەكاتێكدایە لەئێستادا بارودۆخی سیاسی هەرێم بەهۆی كێشەی لایەنەكان، بەتایبەتی پارتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان ئاڵۆزی تێكەوتووەو پارتی دەیەوێت بەرێككەوتن لەگەڵ یەكێتی‌و چەند حیزبێكی تر ئەو كێشانە چارەسەربكات.

هــ . ح