كێشەكانی هەرێم بەقووڵ نازانێت
بارزانی لەیەك كاتدا باسی ئەنجامدانی راپرسی‌و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا دەكات

کوردستان

06/01/2016‌ 1216 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرو كونسوڵی وڵاتانی بیانی لەهەولێر، پێداگیری لەسەر ڕاپرسی كرد، هەروەها لەو كۆبوونەوەیەدا باسی لەئەنجامدانی رێككەوتنێكی نوێی هەولێرو بەغدای كردووە.

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ چوار شەممە لەگەڵ نوێنەری وڵاتان كۆبووەوەو لەسەر پرسە ناوخۆیی‌و هەرێمایەتی‌و دەولییەكان، لەگەڵ سەرجەم كونسوڵ‌و سەرۆكی نوێنەرایەتی وڵاتان لەهەولێر قسەیكردووە.

باسكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم‌و بەغدا تەوەرێكی قسەكانی بارزانی بووە لەكۆبوونەوەكەدا، كە تێیدا ئەوەی خستەڕوو، هەرێمی كوردستان یارمەتی حكومەتی تازەی عێراقی داوەو لەدیالۆگ‌و گقتوگۆ بەردەوامدەبێت. 

باروانی، بەپێویستیشی زانی، كە شەراكەتێكی ڕاستەقینە بێتەئار،ا یان ڕێككەوتن لەسەر سیغەیەكی تازە بكرێت بەشێوازی ئاشتیانەو بە دیالۆگ بۆ ئەوەی "بتوانین بەئاشتیانە‌و برایانە لەتەك یەكتردا بژیین‌و چیتر كارەسات‌و نەهامەتی دووبارە نەبنەوە".

لەبەشێكی تری قسەكانیداو هەر لەكۆبوونەوەیەدا بارزانی پێداگیری لەسەر ڕاپرسی كرد، بەوتەی ئەو ئەوەش بۆ ئەوەی هەموو جیهان بزانێت، كە "گەلی كوردستان چی دەوێت‌و چۆن بڕیار لەچارەنووسی خۆی دەدات‌و جێبەجێكردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانیش لەكاتی گونجاو و بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دوور لەتوندوتیژی دەبێت". 

باسكردنی دوو پرسی پێچەوانە لەیەك كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە بارزانی لەمیدیاكانەوە دەردەكەوێت‌و باس لەئەنجامدانی راپرسی دەكات بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ باسكردنی ئەو پرسەدا باسی لەپێكەوەژیانی كردووە لەعێراق.
 
هەروەها بارزانی باسی لەبارودۆخی ئابووریی هەرێمیش كرد و ئاماژەی بەوەدا، كە بڕینی بودجە‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و شەڕی داعش‌و میوانداریی 1.8 ملیۆن ئاوارە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی ئابوورین‌و داوایشی لەوڵاتان كرد زیاتر هاوكاری پێشمەرگە بن.

لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم بارزانی هێمای بەوەدا، كە لەپێناو یەكڕیزی‌و تێپەڕاندنی تەحەدیات حكومەت‌و پارلەمان لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهات، بەڵام دوای پێشێلبوونی تەوافوق ئەوە پێویست دەكات حكومەت‌و پارلەمان لەسەر بنەمایەكی تازە بەردەوامبن لەسەر كارەكانیان. 

بارزانی جەختیشیكردووەتەوە، كە ناكۆكییەكانی ناوخۆی  ناكۆكی مەترسیدارو قووڵ‌و تاییفی نین، بەڵكو ناكۆكی سیاسین‌و قابیلی چارەسەرن، لەگەڵ حیزبەكاندا هەوڵ دەدەن لەسەر كۆی گرفتەكان بگەنە ئەنجامێك.

ئەم قسانە لەكاتێكدایە لەئێستادا بەهۆی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی گەورە لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم دروستبووەو بەو هۆیەشەوە قەیرانی سیاسی لەهەرێم سەریهەڵداوە.

هــ . ح