بەپێی راپرسییەك یوسف محەمەد پەسەندترین سەرۆكە لای هاووڵاتیان

کوردستان

08/01/2016‌ 4377 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپرسییەكی ناوەندێكی ئەمەریكی لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستاندا یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەسەندترین سەرۆكە لای هاوڵاتیان‌و زۆرینەش ناڕازین لەبارزانی.

بەپێی راپرسییەكی دەزگای بەناوبانگی (Greenberg Quinlan Rosner Research)ی ئەمریكی، كە ناوەڕۆكەكەی لەئەژماری تایبەتی پەرلەمانی كوردستان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوبووەتەوە، لەعێراق‌و هەرێمی كوردستاندا ڕێكخراوەو راپرسییەكە لەنێوان (مانگەكانی ئاب‌و ئەیلولی رابردوودا) ئەنجامدراوەو 2 هەزار هاووڵاتی لەتەواوی ناوچەكاندا بەشدارییان تێیدا كردووە، زۆرینەی بەشداربووان، ناڕازیبوون لەمانەوەی مەسعود بارزانی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.

لەڕاپرسییەكەدا لەنێوان چوار كەسایەتی سیاسی عێراق‌و هەرێمی كوردستان، كە ئەوانیش (فواد مەعسوم سەرۆك كۆمار، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم، یوسف محەمەد سادق  سەرۆكی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت)، كە ئایا كامیان ڕاوبۆچوونەكانیان گونجاوە لەپۆستەكەیاندا بن، سەرۆكی پەرلەمان گونجاوترین كەسایەتییانە.

بەپێی راپرسییەكە، بەشداربوان لە 31% ڕاپرسییەكە پێیوایە فواد مەعسوم گونجاوە، ٤٥% پێیوایە نەگونجاوە، سەبارەت بەمەسعود بارزانی ٤٦% پێیوایە نەگونجاوە لەو پۆستەدا بێت، ٤١% پێی گونجاوە، سەبارەت بەنێچیرڤان بارزانی ٥٠% پێیوایە نەگونجاوە، ٣٦% پێی گونجاوە، سەبارەت بەیوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان %٣٨ گونجاوە، ٤٠% نەگونجاوە. 

بەپێی ئەم ڕاپرسییە بێت لەم چوار كەسایەتییە نەگونجاوترین كەسایەتی نێچیرڤان بارزانییەو دوای ئەویش مەسعود بارزانی، گونجاوترینیان یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانە.

لەتەوەرێكی تری ڕاپرسییەكەدا  هاتووە تا چەند كارەكانی ئێستای پەرلەمان، پەسەند دەكەیت یاخود نا؟ لایەنگرانی پارتی ٪57 پەسەندی دەكەم، ٪39 پەسەندی ناكەم، لایەنگرانی یەكێتی ٪79 پەسەندی دەكەم، ٪21 پەسەندی ناكەم، لایەنگرانی گۆڕان ٪83 پەسەندی دەكەم، ٪17 پەسەندی ناكەم، لەكۆی گشتیدا زۆرینە لەگەڵ ئەوەدایە كارەكانی ئێستای پەرلەمان پەسەند دەكەن.

هەروەها لەڕاپرسییەكەدا، پرسی دەوڵەتی كوردی‌و یەكگرتنەوەی پێشمەرگەو پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغداو ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و ئەگەری درێژە كێشان بەرەو شەڕی ناوخۆو زۆر پرسی تری گرنگی خستووەتە ڕوو.

دەزگای (GQRR) بنكەی سەرەكی لەنیویۆركە لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەم دەزگایە پسپۆڕو تایبەتمەندە  لەبوارەكانی سیاسەت، بازرگانی‌و داكۆكی لەپرسە گرنگەكانی جیهاندا راپرسی دەكات، ئەم راپرسییەی بڵاوكردووەتەوە. 

هــ . ح

بەپەلە