پارتی دەست بەگفتوگۆ دەكاتەوە
هیچ مەرجێك بۆ كۆبوونەوە لەلایەنەكان قبووڵ ناكات

کوردستان

08/01/2016‌ 3360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەحمەد كانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند وەك پارتی دەست دەكەنەوە بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان‌و جەختیشیدەكاتەوە، مەرج لەهیچ لایەنێك قیووڵناكەن.

ئەحمەد كانی ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەپێگەی فەرمی حیزبەكەی راشگەیاند، وەك پارتی بڕیاریانداوە لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی كوردستان‌و چارەسەری گرفتەكان لەگەڵ لایەنەكان دووبارە بچینەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

ئەندامەكەی سەركدایەتی پارتی هەروەها رایگەیاندووە "لەكاتی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان مەرجی پێش وەختە قبوڵ ناكەین، چونكە تۆ چوویتە گفتوگۆوەو  ئامادەبوویت گفتوگۆ بكەی ئیتر مەرجی چی".

ناوبراو جەختیكردووەتەوە، كە وەكو پارتی پێیانوایە قۆناغی گرنگ‌و هەستیاریان لەبەردەمدایەو كاتی ئەوە هاتووە، كە سەرجەم ناكۆكییەكانمان وەلاوە بنێین‌و دووبارە دەست بكەینەوە بەگفتوگۆ.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئەوەشی خستەروو، وەك پارتی، پێشوازی لەهەرهەوڵێك دەكەین، كە لەلایەن لایەنەكانەوە بنرێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دوای پەیامەكەی (مەسعود بارزانی)، بۆیە دەبێت لایەنەكانیش بەخەم خۆریەوە بەدەم ئەو بانگەوازەكەوە بچن.

ئەم قسانە لەكاتێكدایە، كە ئێستا بەهۆی گرژی نێوان لایەنەكان بەتایبەتی پارتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان، كێشە لەدۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دروستبووە.

هــ . ح