یەكێتی بەدوو نەخشەرێگاوە دەست بەكۆبوونەوەكانی دەكاتەوە

کوردستان

10/01/2016‌ 1323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەست بەكۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دەكاتەوە ئەوەش بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم‌و بۆ ئەو مەبەستەش دوو نەخشەڕێگای بۆ چارەسەكردنی كێشەكان ئامادەكردووە.

لەچوارچێوەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی بەرەی توركمانی بكەن لەشاری هەرێم تاوتوێی دۆخی سیاسی‌و چارەسەری كێشەكان بكەن.

شاندەكەی یەكێتی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات، كۆبوونەوەكەش تەواوكەری ئەو كۆبوونەوانەیە، كە لەماوەی رابردوو ئەو حیزبە ئەنجامیدا بۆ چارەسەری كێشەكان.

پێشتریش مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندبوو "گفتوگۆكان لەگەڵ لایەنەكان دەستپێدەكەینەوەو یەكێتیش دوو نەخشەرێگای هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان هەیە".

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی لەوەش كرد، نەخشەڕێگای یەكەم، بۆ پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتی، كۆی كێشەكان لەعێراق، لەبەشەكانی كوردستان، لەگەڵ لایەنەكان، سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی پەرلەمانە‌و ئومێدیشمان هەیە، گفتوگۆكەمان بچێتە پێشەوە.

بەوتەی مەلا بەختیار نەخشەڕێگای دووەمیش، لەگەڵ گۆڕان، پەیوەندی بەمێژووی هاوبەش‌و نێوانمانەوە هەیە، هەروەها كێشەی سەرۆكی هەرێم‌و پەرلەمان‌و تەواوی گرفتەكانی تریشەوە هەیەو راشیگەیاند "ئومێدیشمانوایە، كە لەگەڵ گۆڕان بگەینە ئەنجامی رێككەوتنی سیاسی".

لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە بەهۆی رێككنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر چەند پرسێك، كێشە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و گۆڕان دروستبوو، كە تائێستاش بەردەوامەو بەو هۆیەشەوە هەرێم تووشی قەیرانی سیاسی بوو، بەوەی لەئێستادا كارەكانی پەرلەمان‌و حكومەت پەكیكەوتووە.

هــ . ح