میدیاكانی گۆڕان باس لەهەنگاوەكانی پارتی دەكەن بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی بزووتنەوەكەیان لەحكومەت

کوردستان

10/01/2016‌ 2946 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان باس لەهەنگاوەكانی پارتی دەكەن بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی بزووتنەوەكەیان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان.

راگەیاندنی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەواڵێكدا بڵاویكردووەتەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەئێستادا سەرقاڵی‌ ئەوەیە چەند وەزارەتێك تێكەڵبكات‌و، پشكەكانی‌ بزووتنەوەی گۆڕانیش لەناو كابینەی‌ حكومەتی هەرێم.

هەر بەپێی میدیاكانی گۆڕان ئەو هەنگاوەی پارتیش بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وەزارییەكانی گۆڕان لەحكومەت، بەتێكەڵكردن‌و بەخشین بەلایەنی‌ سیاسی تر، یان وەزارەتی‌ سامانەسروشتییەكان‌‌و تەندروستی‌و كشتوكاڵ‌و چەند وەزارەتێكی تر، كە پەیوەستن بەژیانی تاكەوە دەیدات بەكۆمپانیا حیزبییەكانی خۆی.

ئەمە لەكاتێكدایە لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە، پارتی بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هەڵوەشاندووەتەوەو لەو بەروارە بەدواشەوە رێگەی بە بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە لەحكومەت پەرلەمان نەداوە بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

میدیاكانی گۆڕان ئەوەشیان بڵاویكردووەتەوە، كە بڕیارە لەچەند رۆژی ئایندەدا حكومەتی هەرێم، كە بە"حكومەتەكەی پارتی" ناوبردووە، لەژێر ناوی "چاكسازی"دا چەند رێوشوێنێكی نوێ رابگەیەنێت، كە دیارترینیان بریتییە لەوەی ئەمساڵ تەنیا (6) موچە بەفەرمانبەران بدات، ئەمە بەموچەی ئەو چوار مانگەشەوە، كە لە 2015 دا قەرزاری فەرمانبەران بووە.

هەروەها بڵاویشیان كردووەتەوە، كە سەرباری ئەمە پلانەكە بەوشێوەیەیە، لەمساڵدا تەنیا رێژەی 70%ی موچەی فەرمانبەران بدرێت‌و هەموو فەرمانگە‌و دەزگا ناخزمەتگوزارییە بكات بەیەك‌و بەشێكیان دابخات‌و دەوامی بەشێكی تریان بكات بەدوو رۆژ جارێك.

گۆڕان لەناو حكومەتی هەرێم خاوەنی چوار وەزارەت‌و دەستەیەكەو ئێستا پۆستەكان بەوەكالەت لەلایەن وەزیرەكانی پارتییەوە بەڕێوەدەبرێن.

هــ . ح