شارپرێس ئامانجی كۆبوونەوەی سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی ئاشكرادەكات

کوردستان

10/01/2016‌ 4157 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامانجی كۆبوونەوە سەركردە سەربازییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی دۆخی ناوخۆی حیزبەكەو كێشەكان بووە.

شەوی رابردوو ئێوارە خوانێك سەركردە سەربازییەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی كوردستانی لەماڵی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆكردەوە، كە كۆبوونەوەكە هیچ چوارچێوەیەكی فەرمی نەبووە، بەڵام لەكۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چەند پرسێك كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەكۆبوونەوەكەدا باسی بارودۆخی سیاسی هەرێم‌و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كراوە، بەتایبەتی ئەو كێشانەی بەم دوایانە سەریان هەڵداوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە شارپرێس لەسەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەكە دەستیكەوتووە، لەكۆبوونەوەكەدا باسی پرسی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كراوە، كە ئەگەر هەیە بەم نزیكانە كۆببنەوە.

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە ماوەیەكە كێشە لەناو باڵە ناكۆكەكانی یەكێتی سەریهەڵداوەو تائێستاش كێشەكان بەردەوامە، كە ئێستا هەوڵ هەیە بۆ چارەسەریان.

لای خۆیشییەوە مەحمەد سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە لەكۆبوونەوەكە بەشداربوو، بەشارپرێسی وت: كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی دۆستانە بووەو تێدا تاوتوێی چەند پرسێكمان كرد.

محەمەد سەنگاوی وتیشی: گرنگترین پرس لەكۆبوونەوەكەدا باسكرا، پرسی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی بوو، كە ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر لەو بارەوە بدات.

هــ . ح