یەكێتی ئامادەسازی بۆ كۆبوونەوەی "چارەنووسساز" دەكات

کوردستان

10/01/2016‌ 3739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەسازی بۆ كۆبوونەوەیەكی "چارەنووسساز" دەكەن، ئەوەش دوای ئەوەی چەند هەوڵێكدراوە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان‌و هۆشداریش دراوە بەسەركردایەتی حیزبەكە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەشارپرێسی وت: سەركردەكانی یەكێتی ئامادەسازی دەكەن بەزووترین كات بەسەر پەرشتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی ئەنجامبدەن‌و لەكۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆی جدی لەسەر پرسی كێشەكانی ناو حیزبەكەیان بكەن. 

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن وابڕیارە لەكۆبوونەوەكەدا باس لەچەند پرسێكی تر بكەن لەوانە، هەلومەرجی كوردستان‌و ناوچەكەو هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان.

سەرچاوەكەی شارپریس، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە وتیشی: كێشەكانی ناو یەكێتی كاریگەری خراپی خستوووەتە سەر ئاڕاستەو بەڕێوەبردنی حیزبەكیان، بۆیە لایەنە ناكۆكەكان بەنیازن بەڕاشكاوانە راوبۆچوونی خۆیان لەمەر چارەسەركردنی كێشەكان بخەنەڕوو.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر لایەنە ناكۆكەكان لەكۆبوونەوەكە نەگەنە ئاكام، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە دابڕانی گەورەتر لەنێوانیاندا دروستببێت، بۆیە بەشێك لەئەندامانی مەكتەب سیاسی پێشنیاری ئەوەیان كردووە پێش كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی بچووكتر لەنێوان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو هەردوو جێگری سكرتێری گشتی (كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح) ئەنجامبدرێت.

دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی رووی لەقووڵبوونەوە كرد، چەند رۆژێكە كێشە چەند دەستپێشخەری پێشنیارێك كراوە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان، كە ئەگەر هەیە ئەو پێشنیارانە كێشەكان بەئاڕاستەی چارەسەبەرێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لەدواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بەڕێوەچوو) بەفەرمی داوایان لەدەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كردووە كۆتایی بەكێشەكان بهێنن‌و كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەستپێبكەنەوە، كە ماوەیەكی زۆرە مەكتەبەكە كۆنەبووەتەوە.

لەو بارەوە ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بەشارپرێسی وت: بەئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیمان راگەیاند، هەڵوێستمان دەبێت ئەگەر گوێ‌ لەداخوازییەكەمان نەگرن، كە ئەمە وەك هۆشدارییەك دراوەتە سەركردایەتی یەكێتی.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، كە بەشداری كۆبوونەكەی كردووە، وتیشی: دوادەكەین كۆنگرەی بەپەلە ئەنجامبدرێت بۆ چارەسەری كێشەكان، بەپێچەوانەوە داوا لەكادرنەكانی یەكێتی دەكەین هەڵوێست وەربگرن لەبارەی ناتەبایی سەركردەكانی حیزبەكەیان.

هاوكات ئەمڕۆ یەك شەممە مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند كێشە ناخۆییەكانی حیزبەكەی بەرەو چارەسەردەچن.

مەلا بەختیار لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی رووداو، راشیگەیاند: هەموو ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی بەئاراستەی ئەوەن لەنێوان لایەنەكانە ناكەكەكانی یەكێتی گفتوگۆ بێتە پێشەوە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، كە ئێستا گفتوگۆكان هاتووەتە پێشەوەو بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا بەمەبەستی چارەسەری كێشەكان كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەستپێبكات.

كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی جەختیشیكردەوە ئەو دەستپێشخەرییانەی بۆ كێشەكان خراونەتەڕوو هەموو لایەنەكان پەسەندیان كردووەو بەم نزیكانەش ئەنجامەكەی دەردەكەوێت.

هــ . ح 

بەپەلە