یەكێتی‌و گۆڕان پرسی لامەركەزی بۆ سلێمانی تاوتوێدەكەن

کوردستان

11/01/2016‌ 3527 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان پرسی لامەركەزی بۆ پارێزگای سلێمانی تاوتوێدەكەن.

شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازی چارەسەری كێشەكانی هەرێم ئەمڕۆ دوو شەممە كۆدەبنەوە، كە كۆبوونەوەكە ئێستا سەعات 2 دوای نیوەڕۆ دەستیپێكردووەو تائێستا (سەعات 3ی عەسر) لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی بەردەوامە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە،  كۆبوونەوكە بۆ تاوتوێكردنی چەند پێشنیارێكە، كە یەكێك لەوانە تاوتوێكردنی پرسی لامەركەزییەتە بۆ سلێمانی، هەروەها ئەو پێشنیازانەی یەكێتی كردوویەتی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم.

چەند رۆژێكە پرسی لامەركەزی بۆ ئیدارەی سلێمانی لەلایەن بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی وروژێنراوەو لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا بڕیاری یەكلاكەرەوە لەو بارەوە دەدرێت.

پێشتر لەنووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لەسلێمانی لەنێوان یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و فراكسیۆنەكان ئەو پرسە تاوتوێكراو هەموو فراكسیۆنەكان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو پرسە دەربڕی.

تەوەرێ:ی تری كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی هەرێم چارەسەركردنی كێشەكانە، كە یەكێتی بۆ ئەو پرسە چەند پێشنیازێكی كردووە.

لەو بارەوە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كاڕگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوێنی باسی لەپێشنیازی حیزبەكەی كرد بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە چەند مانگێكە بەهۆی كێشەی لایەنەكانەوە گرژی تێكەوتووە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، شاندەكەی یەكێتی حاكم قادر حەمەجان عەزیز كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات‌و شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕانیش عومەر سەید عەلی سەركردەی بزووتنەوەكە سەرۆكایەتی دەكات.

لە 12 ئۆكۆتبەری رابردووەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لەرێگەی هێزەوە رێگری لەیوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان دەكات بگەڕێتەوە هەولێر، ئەوەش بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئێستا یەكێتی بۆ چارەسەری ئەو پرسە پێشنیارێكی كردووە.

پێشنیارەكەی یەكێتی خۆی لەوە دەبینێتەوە، كە پارتی رازیبێت بەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پەرلەمان بەشێوەیەكی كاتی‌و دواتر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوی بگۆڕێت.

پارتی بەهۆی كێشەكانیان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان گرژی تێكەوت‌و بەو هۆیەشەوە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە.

هــ . ح