گۆڕان لەپرۆژە چاكسازییەكەی حكومەت ناڕازییە

کوردستان

11/01/2016‌ 1594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بزووتنەوەی گۆڕان لەپرۆژە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناڕازییەو بە "پیلانی" پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی دەبات.

چەند رۆژێكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی راگەیاندووە، بەناوی پرۆژەی چاكسازی لەدامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لەدوای راگەیاندنی پرۆژەكە، بزووتنەوەی گۆڕان لەرێگەی میدیاكانییەوە دەستیكردووە، بەگرتنی رەخنە لەو پرۆژەیەو بە "پیلانێكی پارتی دیموكراتی كوردستان" ناوی دەبات.

گۆڕان رۆژانە لەرێگەی میدیاكانیەوە چەند راپۆرت‌و هەوڵێك لەسەر پرۆژەكە بڵاودەكاتەوە، كە بەپێی میدیاكانی گۆڕان پڕۆژە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێم هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر قەیرانی دارایی هەرێم.

پرۆژەی حكومەتی هەرێم خۆی لەچەند قۆناغێك دەبینێتەوەو تائێستا بەچەند بڕیارێك، دوو قۆناغی راگەیەنراوە، كە تێدا حكومەت هەوڵی كەمكردنەوەی خەرجییەكان‌و زیادكردنی داهاتەكان دەدات.

میدیای گۆڕان رۆژانە لەراپۆرتەكانیاندا جەختدەكەنەوە، كە پرۆژەكەی حكومەت بۆ چاكسازی نییەو تەنیا بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانە لەناو هەرێمی كوردستان.

هــ . ح