یەكێتی پێشنیاری دابەشكردنی پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە دەخاتە بەردەم پارتی

کوردستان

12/01/2016‌ 2411 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشنیاری دابەشكردنی پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی خستووەتە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان‌و ئەو حیزبەش هیچ وەڵامێكی نەداوەتەوە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەگەڵ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە، كە لەكۆبوونەوەكەدا یەكێتی پێشنیاری دابەشكردنی پۆستەكانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی خستووەتە بەردەم پارتی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، پێشنیارەكە بەشێوەیەكە، كە پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و پەرلەمان‌و حكومەت بەپێی بەركەوتی هەڵبژاردن بەسەر لایەنە براوەكان دابەشبكرێت، كە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ لایەنی یەكەم‌و پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ لایەنی دووەم‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ لایەنی سێیەم بێت.

لەبارەی وەڵامی پارتی بۆ پێشنیازەكەی یەكێتی، شارپرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ناو كۆبوونەوەیەكەوە زانیوییەتی، كە هیچ وەڵامێكیان نەداوەتەوەو بڕیارە دوای تاوتوێكردن بەفەرمی وەڵامی یەكێتی بدنەوە.

ئەم كۆبوونەوە لەكاتێكدایە دوێنێ‌ دوو شەممە شاندێكی یەكێتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەمان مەبەست كۆبوونەوە، كە لەكۆبوونەوەكەدا ئەو پێشنیازانە خراوەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان‌و گۆڕانیش رازی بووە بەناوەڕۆكی پرۆژەكە، بەڵام بەفەرمی وەڵامی یەكێتی نەداوەتەوە.

هــ . ح