بەپەیوەندییەكانی نێوانیان دەچنەوە
سەعدی ئەحمەد پیرە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی پارتی‌و یەكێتی بۆ شارپرێس ئاشكرادەكات

کوردستان

12/01/2016‌ 2409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرایكرد، كە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی رێككەوتوون بەپەیوەندییەكانی نێوانیان بچنەوە.

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات لەشاری هەولێر كۆبوونەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، كە یەكێك بوو لەبەشداربووانی كۆبوونەوەكە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد.

بەوتی سەعدی ئەحمەد پیرە، شاندی پارتی‌و یەكێتی لەكۆبوونەوەكەدا جگە لەوەی بڕیاریانداوە بەپەیوەندییەكانی نێوانیان بچنەوە راشیگەیاند "كە چەند پرسێكی گرنگ لەناو كۆبوونەوەكەدا تاوتوێكراوەو هەڵوێستەی لەسەركراوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە، لەبارەی پرسەكانەوە رایگەیاند "ئێمە پرۆژەیەكمان خستووەتە بەردەم پارتی، كە كۆمەڵێك مەلەفی تێدایە، لەوانە مەلەفی دارایی‌و ئابووری، مەلەفی نەوت، شەڕی داعش، پرسی نەبوونی موچەی فەرمانبەران، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ".

ئەندامەكەی شاندی یەكێتی راشیگەیاند، كە بەپارتی دیموكراتی كوردستانیان وتووە، دەبێت ئەو كێشانەی قسەی لەسەر بكرێت‌و چارەسەربكرێت، بەتایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولاو قەیرانە سیاسییەكانی هەرێم، كە نابێت ئەم دۆخە بەردەوامبێت.

لەبارەی ئەوەی، كە گوایە یەكێتی باسی دابەشكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتییەكانی هەرێم كراوە، سەعدی ئەحمەد پیرە رەتیكردەوەو وتیشی: ئێمە تەنیا باسی ئەو پرسانەمان كردووە، كە پێشتر قسەم لەسەركرد.

پیرە جەختیشیكردەوە، كە لەكۆبوونەوەكەدا باسی ئەوەش كراوە، دەبێت لەمەودوا پرسی نەوت شەفافتربێت، ئەوەش لەپێناوی چارەسەری كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان بەقەیرانی سیاسی بەهۆی ململانێی نێوان لایەنەكان، بەتایبەتی پارتی‌و بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت.

هــ . ح