شارپرێس:
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، لەگەڵ یەكێتی نیازیان وایە ڕێككەوتنێكی ستراتیژیی نوێ پێكەوە گرێ بدەنەوەو، گوتیشی هەوڵی بۆ دەدەین تا بگەین بەڕێككەوتنێكی نوێو راشیگەیاند بۆ پرسی دەستلەكاركێشانەوەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانیش هەردوولا رازین.
فازڵ میرانی هەروەها رایگەیاند ڕێككەوتنی نوێی نێوانیان لەگەڵ یەكێتیدا وا دەبێت، كە پێشهاتە نوێكانو ڕوانگایان بۆ ئایندەیش لەبەرچاو دەگرێت، چونكە "پێشتر لێك دووركەوتینەوە، بەهۆی ڕێككەوتنی نوێ لەنێوان هێزەكانی دیكەیشدا، بەڵام دواجار وا خەریكە ڕێكدەكەوینەوە، كەە بەدیلی یەكێتی بۆ ئێمە هەر یەكێتییە".
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی جەختیشیكرددووەتەوە ئەوان بە"شێوەیەكی واقیعی بیر دەكەنەوە"، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش لەگەڵ گۆڕان، كە داوای كرد ڕێككەوتنێك بكەین، ئێمە ڕەتمانكردەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە، شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتیو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەهەولێر كۆبوونەوە، كە لەكۆبوونەوەكە باسی ئەو پرسانەو رێككەوتنەكە كراوە.
دەربارەی ئەوەی، كە گوایە پارتی ڕازی بووە بەوەی یوسف محەمەد) وەك سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە، ناوبراو رایگەیاند "ئێمە لەڕووی مەنتیقەوە لەكۆبوونەوەیەكی شەفەوی باسمان لەوە كرد چۆن سەرۆكی پەرلەمان لەسەرۆكایەتی لابدرێ، ئێمە داوامان كردووە كە یوسف محەمەد بێتو لەكۆبوونەوەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بەپەرلەمان بدات، كە ئێمە نەمانوتووە هەر نابێت بێتەوە پەرلەمان، بەڵام وەك سەرۆك نا".
دەربارەی ئەوەیش، كە داخۆ یەكێتی بەم داوایەی پارتی رازییە یان نا، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند "هەردوو لامان رازیو كۆكینو دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمانمان قبووڵە".
ئەمە لەكاتێكدایە مانگی 10 ساڵی رابردووو بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لەگەڵ بزووتنەوەكە هەڵوەشاندەوە، لەو بەروارەوە رێگری لەبەرپرسانی گۆڕان لەحكومەتو پەرلەمان دەگرێت بچنەوە سەر كارەكانیان.
هــ . ح