یەكێتی رەتیدەكاتەوە لەگەڵ پارتی باسی لابردنی یوسف محەمەدیان كردبێت

کوردستان

13/01/2016‌ 3590 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لابردنی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانیان كردبێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەلێدوانێكدا بەشارپرێسی وت: بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پارتی دیموكرات باسی لابردن، یان شوێنگرتنەوەی یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمانمان نەكردووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی پرۆژەیەكیان پێبووە، بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێم‌و ئەو پرۆژەیەشمان داوە بەپارتی‌و بڕیارە وڵاممان بدەنەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ‌ دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، رایگەیاند "لەگەڵ یەكێتی هاوڕان بۆ دوورخستنەوەی یوسف محەمەد لەسەرۆكی پەرلەمانی كوردستان".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە لەكۆبوونەوەكە بەشداربوو، سەرەڕای ئەوەی جەختیكردەوە باسی ئەو پرسە نەكراوە، راشیگەیاند "پرۆژەكەی ئێمە بۆ پارتی پێشتر خراوەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان‌و بڕیارە ئەوانیش وەڵاممان بدەنەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، پارتی بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ گۆڕان، داوای لابردنی سەرۆكی پەرلەمان دەكات، كە بەپشكی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لەئێستاشدا كار بۆ لابردنی دەكات، ئەوەش بە بەدەستهێنانی رەزامەندی لایەنەكانی هەرێم.

هــ . ح