ئێمنیكی: تا ئێستا به‌ فه‌رمی یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌

کوردستان

13/01/2016‌ 1258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایده‌گه‌نێت تا سه‌رۆكێكی نوێ دیاری ده‌كرێت به‌ فه‌رمی تا ئێستا یوسف محه‌ممه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌، كه‌ ئه‌وان دانووستان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكە".

جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە گفتوگۆیه‌كیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت" ئێمەش بەو بارودۆخەی كە پەرلەمانی كوردستان پێیدا دەرباز دەبێت رازی نیین، ئێمەش نیگەرانیین و دەمانەوێت ئەو دۆخە زوو كۆتایی پێ بێت، دروست بوونی ئەو دۆخە بۆ پەرلەمان پەیوەست بوو بە پرۆسەی سیاسی، ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین گەڕێكی دیكەی دانووستاندنی جیددی تر لەجاران دەستپێبكاتەوە كە بەرچاوروونییەكی باشتری پێوە دیار بێت و زەمینەسازییەكی زیاتری بۆ بكرێت تا بگاتە ئەنجام".

دەشڵێت" مەرج نییە تا لایەنەكان نەگەنە رێككەوتن پەرلەمانی كوردستان كۆنەبێتەوە، ئەو مەسەلەیە پەیوەستە بە گەڕی دانووستانەكان چۆن بەڕێوەدەچن، ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بەشێوازێك لە شێوازەكان رێكنەكەوتن ئەوا رەنگە ئەو كاتە ئێمە لەپارتی دیموكراتی كوردستان بژاردەی دیكەمان هەبێت، رەنگە بیر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان و لە دروستكردنی زۆرینەیەك لەناو پەرلەمان بكەینەوە یان بەرەو بارودۆخێكی دیكە بچین".

ناوبراو ده‌ڵێت " تەوافوق بۆ هەموو لایەك زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت بۆ گۆڕان تایبەتمەندی و گرنگییەكی یەكجار زۆری هەبوو، چونكە ئەوان ماوەیەكی زۆر لە ئۆپۆزسیۆن بوون كە ئەزموونێك بوو دیار بوو لێی بێزاربوون و پێیان باش نەبوو، پێشم وایە تێیدا سەركەوتووش نەبوون، راستە بۆ كۆمەڵگەی كوردستانی دیاردەیەكی نوێ بوو، بۆیە بە هاتنە ناوەوەیان بۆ حوكمڕانی و پەرلەمان بە پۆستەوە و بەوەشی كە یەكەم هێز بوون لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان شەراكەتییان قبوڵ كرد هەم لەرووی جەماوەری و راگەیاندنیشەوە ئیمتیازیان وەرگرت، لەناوپەرلەمان و حكوومەتیش پێگەیان بەهێزبوو، لەبەر ئەوە تەوافوق زۆر لەبەرەژەوەندیی ئەواندا بوو".

سەبارەت بەوەی كێ ئێستا سەرۆكی پەرلەمانە و ئەو پرسە چۆن چارەسەر دەكرێت ناوبراو رایدەگەیەنێت" لەرووی فەرمییەوە تا سەرۆكێكی تر بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرین بەڕێز یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانە، بەڵام لێرە نییە، بۆیە كێشە هەیە، سەرۆكی كردەیی پەرلەمان غایبە ئێستا، لەناو پارتی باس لەوە نەكراوە من ببمە سەرۆكی پەرلەمان و نە من ئەوەندە تموحی ئەوەم هەیە و نە پارتیشی ئەوەندە بەپەرۆشەوەیە بۆ ئەو مەسەلەیە، بەڵكو دەمانەوێ هاوبەشی لەكوردستان بەردەوام بێت".

جەعفەر ئێمینكی هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێ بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پێویست دەزانێت و رایدەگەیەنێت " ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمان كێشەی تێدایە، چونكە بۆشایی تێدایە، سەرۆكی پەرلەمان دەبێت لێرە دەوام بكات، كە لێرە دەوام ناكات واتە كێشەمان هەیە، راستە هەندێك لەكاروبارەكان من بەڕێوەیان دەبەم و هەندێك جار بە راوێژ لەگەڵ سكرتێری پەرلەمان دەبێت، بەڵام ئەوە بەس نییە، چونكە ئێمە ناتوانیین دانیشتنە ئاساییەكان لەم دۆخەكەدا ئەنجامبدەین"

ناوبراو ده‌شڵێت " دكتۆر یوسف ئەتوانێت وەكو ئەندامی پەرلەمان بێتەوە هەولێر و بەردەوام بێت".