سەركردەیەكی یەكێتی رێككەوتنی حیزبەكەی لەگەڵ پارتی بەگرنگ دەزانێت

کوردستان

13/01/2016‌ 1832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاكم قادر ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند كۆبوونەوەو رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی زۆر گرنگ بوو، كە دەستپێكێكی باشە بۆ درێژەدان بەدانیشتن‌و گفتوگۆكان.

حاكم قادر ئەمڕۆ چوار شەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند رێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی بۆ دۆخی ئێستای كوردستان زۆر گرنگە، هەروەها رێككەوتنی سەرجەم لایەنەكانیش بەگرنگ دەزانم بۆ یەكخستنەوەی ناوماڵی كوردی‌و هەنگاوێكی باشیشە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا بەبێ جیاوازی.

ئەندامەكەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، جەختیشیكردەوە، كە كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی بۆ خەڵكی كوردستان ئارامبەخش بوو، چونكە خەڵكی كوردستان ئارامی‌و دڵنیاییان دەوێت، كە "چاوەڕوانن حیزبەكان پشگیریی پێشمەرگە بكەن، لەهەمان كاتدا فەرمانبەران چاویان لەباشتركردنی موچەكانیانە، دڵنیاییان دەوێت سەرجەم ئەمانەیش بەبرایەتی‌و تەبایی سەرجەم لایەنەكان بەدی دەهێنرێت، لەو روانگەیەیشەوە پارتی‌و یەكێتی وەك بەرپرسیارەتی سەرشانی خۆیان، بەگرنگی دەزانن لەقۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستاندا پێكەوە كاری هاوبەش بكەن".

هەروەها ئاشكرایكردووە، كە كۆبوونەوەی پارتی‌و یەكێتی بەردەوامدەبێت، بەتایبەتی وەك یەكێتی چاوەڕوانی وەڵامی پارتی دەبین بۆ ئەو پڕۆژەیەی، كە پێشكەشمان كردوون، هەروەها كۆبوونەوەی ئێمەو لایەنەكانی دیكەیش درێژەیان دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ‌ سێ‌ شەممە شاندێكی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەشاری هەولێر كۆبوونەوەو بەپێی زانیارییەكان ئامانجی كۆبوونەوەكەیان بۆ تاوتوێكردنی رێككەوتنێكی نوێیە لەنێوانیان.

هــ . ح