ئێران شاندێك دەنێرێتە لای پارتی

کوردستان

13/01/2016‌ 1434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆماری ئیسلامی ئێران شاندێكی باڵای دەنێرێتە لای پارتی دیموكراتی كوردستان، كە تائێستا ئامانجی ناردنی شاندەكە روون نییە.

شاندەكەی ئێران مورتەزا عەبادی سەركۆنسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر سەرپەرشتی كردووەو لەگەڵ فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات كۆبووەوەتە.

هەرچەندە ئامانجی ناردنی شاندەكەی ئێران بۆ لای پارتی رووننەبووەتەوە، بەڵام بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبوونەكە، فازڵ میرانی لەكۆبوونەوەكەدا تیشكی خستووەتە سەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان بەتایبەتی‌و عێراق‌و ناوچەكە بەگشتی‌و باس لەو قەیرانە كراوە، كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە لەڕووی ئابووری‌و بڕینی موچەی خەڵك لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.

هەروەها فازڵ میرانی ئاماژەی بەڕۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانداوە لەهاوكاریكردنی گەلی كورد لەهەموو قۆناغەكاندا، بەتایبەتی لەیارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.

میرانی) هەڵوێستی سەركردایەتی پارتی خستووەتەڕوو، كە بەوتەی ناوبراو لەبەر هەستیاری قۆناغەكە، بەپێویستی دەزانن بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكاندا بكرێت‌و نێوماڵی كورد رێكبخرێت‌و بەڕێگای دیالۆگ‌و لێكتێگەییشتن كێشەكان چارەبكرێن.

چوونی شاندەكەی ئێران بۆ لای پارتی لەكاتێكدایە، كە ئێستا هەرێمی كوردستان بەدۆخی قەیرانی سیاسی‌و ئابووری‌و ئەمنی تێدەپەڕێت، كە بەو هۆیەوە رووبەڕووی كێشە بووەتەوە.

هــ . ح