مەسرور بارزانی: كێشەی عێراق تەنیا كێشەی شەڕی داعش نییە

کوردستان

13/01/2016‌ 806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە كێشەی عێراق تەنیا كێشەی شەڕی داعش نییە، بەڵكو بەوتەی ئەو كێشەی زۆر قوڵی مێژووی تێدایە و پێویستی چارەسەری ڕیشەیی هەیە.

مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لەمیانی پێشوازیكردنی لە جەنەڕاڵ تۆم بێكت، نوێنەری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش رایگەیاند"گرنگی تێكشكاندنی سەربازییانەی داعش لەوەدایە، كە دەبێتە سەرەتایەك بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە جیهانییە بۆ بەدیهاتنی ئەوەش پێویستە هێزەكان لەسەر زەوی شەڕی داعش بكەن".

راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم  جەختیكردوەتەوە كە پێویستە پێشمەرگە هەموو جۆرە هاوكارییەكی پێویست لەڕووی پێداویستی سەربازی و تێچووی شەڕەوە بكرێن.

سەبارەت بەت دۆخی عێراقیش مەسرور بارزانی ئەوەی خستوەتەڕوو كە كێشەی عێراق تەنیا كێشەی شەڕی داعش نییە، بەڵكو بەوتەی ئەو كێشەی زۆر قوڵی مێژووی تێدایە و پێویستی چارەسەری ڕیشەیی هەیە.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش ڕایگەیاندووە  كە ئەگەر هێزی كورد و پشتیوانی فڕۆكەكانی هێزی هاوپەیمانان نەبوایە، بارودۆخەكە زۆر لەوە خراپتر دەبوو، كە وەكو كورد بە گشتی و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی لە تێكشكاندن و دەركردنی داعش بەردەوامن.

نوێنەرەكەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بە شەڕی كورد كردووە لە دژی داعش لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان و ڕۆڵی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سەركەوتنەكاندا بەرز نرخاندووە.
س.هـ