شارپرێس چەند خاڵێكی رێككەوتنی پارتی‌و یەكێتی ئاشكرا دەكات

کوردستان

13/01/2016‌ 3858 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ‌ نزیك بوونەتەوە‌و بەپێی رێككەونەكەش پەیوەندییەكانی هەردوولایان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.


دوێنێ‌ شاندێكی پارتی‌و یەكێتی لە شاری هەولێر كۆبوونەوە، كۆبووەنەوەكەش درێژكراوەی گفتوگۆكانی ئەو دوو لایەنە بووە كە لە چەند مانگی رابردوو لەبارەی رێككەوتنێكی نوێوە ئەنجامیان داوە.


بەپێی سەرچاوەیەكی باڵا كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستیكەوتووە هەردوولا لەرێككەوتنێكی نوێ نزیك بوونەتەوە بە جۆرێك پەیوەندی داهاتوویان گۆڕانكاری بەسەر دادێت، رێككەوتنەكەش جۆرێكە لە هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی.


ئەو سەرچاوەیە باسی لە چەند خاڵێكی رێككەوتنە نوێیەكە كرد یەكێك لەو خاڵانە ئەو بڕگەیەی رێككەوتنی ستراتیژی لابراوە كە باس لە بەشداریكردنی هەڵبژاردن دەكەن بەیەكەوە‌و هەروەها هەردوولاش سەربەستن لە ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنی دیكە.


ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد خاڵێكی تری رێككەوتنەكە ئەوەیە كە لەرووی سەربازییەوە بەتەواوەتی هەماهەنگ‌و هاوكاری یەكتر دەبن‌و دووریش دەبن لە هەر ناكۆكی‌و گرژی سەربازی.


بەوتەی ئەو سەرچاوەیە یەكێتی‌و پارتی سەبارەت بە پرسی نەوت‌و پرسە ئابورییەكان‌و پەیوەندییەكانی دەرەوە هەماهەنگی یەكسان‌و تەواویان دەبێت، هەردوولا بە ئاگاداری یەكتر ئەو پرسانە بەڕێوە دەبەن، هاوكاات پرسی بەغداش بەشێكی تری رێككەوتنەكەیەو لەو بارەیەوە بەیەكەوە هەماهەنگی تەواویان دەبێت.

هاوكات هەردوولایان ناچنە هیچ رێككەوتنێكەوە لەدژی یەكترو هەر رێككەوتنێكیش بكرێت یەكتری لە ناوەڕۆكەكەی ئاگادار دەكەنەوە كە نابێتە مەترسی لەسەر ئەوی دیكە.


سەرچاوەكەی پارتی جەختیكردەوە كە ئەم رێككەوتنە بۆ هەردوولا گرنگەو پەیوەندیەكی نوێ‌ دێنێتە كایەوە كە بەوتەی ئەو یەكێتی‌و پارتی ناتوانن بەبێ‌ یەكتر حوكمی كوردستان بكەن، بە وتەی خۆشی لەم كابینەیە دەركەوت كە لەرابردوو یەكێتی شەریكێكی باشی پارتی بووە.


ئەو سەرچاوەیە ئامادە نەبوو خاڵەكانی تری رێككەوتنەكە ئاشكرا بكات، رونیكردەوە كە ئەم رێككەوتنە دەبێتە بەدیلی رێككەوتنی ستراتیژی،چونكە بەوتەی خۆی لەم رێككەوتنە نوێیەدا بابەتی دیكە جێگیركراون.

س.هـ