یەكێتی چەند مەرجێكی بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان هەیە

کوردستان

14/01/2016‌ 5889 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان چەند خاڵێكی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی یەكگرتنەوە، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی خاڵەكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەماوەی رابردوو لەئەنجامی دانوستانەكانی یەكێتی‌و گۆڕان بۆ پرسی ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی‌و رێككەوتنەوە چەند گفتوگۆیەكیان كردووەو یەكێتیش لەڕێگەی پڕۆژەیەكەوە مەرجەكانی خۆی خستووەتە بەردەم گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە.

هەر بەپێی زانیارییەكان خاڵەكان بریتین لەوەی: بەهەموو شێوەیەك هێرشی راگەیاندن بۆ سەر یەكتری رابگرن، هەروەها لەسەروبەندی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان كەمپین‌و شەڕی راگەیاندن دژی یەكتری ئەنجامنەدەن، ئەگەر گونجاو بوو لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوو لیستی هاوبەش دروستبكەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بەرپرسانی یەكێتی بەبزووتنەوەی گۆڕانیان وتووە، ئەگەر لەماوەی داهاتوو ئەم خاڵانە بەبێ‌ كێشەو گرفت جێبەجێكرا، ئەوكاتە لەگەڵیان بۆ پرسی یەكگرتنەوە قسە دەكەن.

ماوەی چەند مانگێكە لەنێوان یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان دوو لیژنە بۆ پرسی پێداچوونەوە بەپەیوەندییەكانی نێوانیانەوە پێكهێنراوە، كە تائێستا چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتووەتەوە.

هــ . ح