سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی: کادرەکانمان تەفسیری هەڵە بۆ رێککەوتننامەی ستراتیژی ده‌كه‌ن

کوردستان

14/01/2016‌ 1840 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پێی وایە هەندێک لە کادیرەکان تەفسیری هەڵە بۆ رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردوو حزب دەکەن.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی "هەندێکجار بەتایبەتی لە ناو یەکیتی و پارتیشدا، کادیر هەبووە لەناو جەماوەر قسەیەکی کردووە و لەدوایشدا لە جێگایەک توشی گرفتێک دەبێت بەناچاری هانا دەهێنێتەوە بۆ رێککەوتنی ستراتیژی چونکە ئەو رێککەوتننامەیە بووەتە هۆی چوارچێوەی کارکردنی هەردوولا و ئەگەر گرفتێک هەبێت لە نێوان یەکێتی و پارتی لە کاری رۆژانە، ئەوە گرفتەکە لە دەقی رێککەوتننامەکەدا نییە بەڵکو گرفتەکە لەو کەسانەیە کە دەقی رێککەوتننامەکە بە هەڵە تەفسیر دەکەن".

سەبارەت بە دەنگۆی دووبارەنووسینەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، سەعدی پیرە وتی: "من پێم وایە بیرکردنەوە لە بابەتی نووسینەوەی رێککەوتننامەیەکی دیکە هیچ هۆکارێکی نییە و پێویست ناکات، پێش ئەم رێککەوتننامەیە ئێمە گۆڕستانەکانمان گەورە دەکرد و دوای ئەم رێککەوتننامەیە وڵاتمان ئاوەدان کردەوە".

دوای ئەوەی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەلا بەختیار رایگەیاندبوو کە یەکێتی پرۆژەیەکی لەبەردەستدا هەیە و سێ تەوەر لەخۆ دەگرێت، بەپێی قسەکانی مەلا بەختیار، یەکێک لە تەوەرەکان بریتییە لەوەی کە پارتێکی سیاسی نابێت لە یەک کاتدا دوو پۆستی باڵای بەدەستەوە بێت.

لەمبارەیەوە سەعدی پیرە وتی: "پێم وابێت لە رێگای راگەیاندن ناتوانین چارەسەری ئەم کێشانە بکەین، بەڵکو لە کۆبوونەوەکان دەبێت بەپێی شایستەبوونی هەڵبژاردن قسەی لەسەر بکەین و بەپێی قورسایی لایەنەکان پۆستەکان دابەش بکرێن و لە هەمان کاتدا گرنگە بزانین ئەو کەسەی ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات، کێیە".

لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان و دانیشتنیان لەسەر مێزی گفتوگۆ، سەعدی پیرە وتی: "بەدڵنیاییەوە ئێمە دوو گەڕی کۆبوونەوەمان کردووە و ئاماژەی باش هەیە و پرۆژەیەکمان هەیە بۆ چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەی قەیرانەکانی دارایی و ئابووری و ئەمنی، هەروەها چۆنیەتی پێناسەکردنی شەراکەت چونکە بەشێک پێیان وایە یەک پارتی سیاسیی باڵادەستە و ئەوانی دیکە سێبەرن لە کاتێکدا هەموو لایەک بەشدارین لە هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بەوەی کە ئایا لە ئێستادا پرۆژەکە لە چ قۆناغێکدایە، سەعدی پیرە وتی: "ئێستا ئەم پرۆژەیە لەبەردەمی ئەندامانی مەکتەبی سیاسییە و ئەم پرۆژەیەش لە بنەڕەتدا دەوڵەمەند کراوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و کۆمەڵێک شتی دیکەی تێدایە".

جێی ئاماژەیە نزیکەی پێنج مانگ دەبێت کێشە و ناکۆکی کەوتووەتە نێوان لایەنەکانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و بەم هۆیەوەش ماوەی سێ مانگ دەبێت پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە هیچ کۆبوونەوەیەک بکات و لە ئێستاشدا ئاماژەیەک هەیە بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا.

د.ح