بارزانی داوای بەشداری كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح لەكۆبوونەوەكانی پارتی‌و یەكێتی دەكات

کوردستان

15/01/2016‌ 4774 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی داوای بەشداری كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمای كوردستان لەكۆبوونەوەكانی پارتی‌و یەكێتی كردووە.

رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو شاندێكی باڵای یەكێتی‌و پارتی لەشاری هەولێر كۆبوونەوە، كە بەهۆی چەند نیگەرانییەكەوە، كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح، نە خۆیان نەئەندامانی باڵەكەیان لەناو یەكێتی بەشدارییان نەكرد.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، مەسعود بارزانی نیگەران بووە لەبەشدارینەكردنی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و داوای كردووە لەكۆبوونەوەكانی داهاتوو هەردوو جێگری سكرتێری یەكێتی بەشداریبكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەماوەی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات كۆدەبنەوە، كە مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی بەشداری دەكات‌و سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەش دەكات، داواشیكردووە دەبێت كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح بەشداری بكەن، بەتایبەتی لەو كۆبوونەوەیەدا.

شارپرێس زانیوییەتی كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی ئەو پێشنیارانەیە، كە لەنێوان هەردوولا خراوەتەڕوو بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ‌ لەنێوانیان، كە جێگرانی سكرتێری گشتی بەهۆی نیگەرانیان لەو رێككەوتنە بەشداریان لەكۆبوونەوەكە نەكردووە.

زانیارییەكان باش لەوەش دەكەن لەو كۆبوونەوەیەدا ئەگەر گرفتێك نەیەتە پێشەوە بەفەرمی رێككەوتنەكەی نێوانیان واژوودەكەن‌و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ماوەی چەند مانگێكە پارتی‌و یەكێتی گفتوگۆ دەكەن بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ‌ لەنێوانیان، ئەوەش لەڕووی ئیداری‌و سیاسی‌و ئابوورییەوە، دواین جاریش رۆژی دوو شەممەی رابردوو شاندێكی باڵای یەكێتی‌و پارتی لەشاری هەولێر كۆبوونەوەو بڕیارە كۆبوونەوەكانیش بەردەوامی هەبێت.

هــ . ح