گەورە بچووك لەناو دەبات
دراوە نوێیەكەی عێراق مەترسی‌ لەسەر بازاڕ دروستدەكات

مەلەفی تایبەت

15/01/2016‌ 3756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دوای‌ ئەوەی‌ بانكی‌ ناوەندی‌ عێراق دراوی‌ پەنجا هەزار دیناری‌ دەركرد، خەڵك لەوە دەترسن ئەم دراوە نوێیە دراوە بچووكەكان لەناو ببات.

كاتێك محەمەد مەحمود موچەی‌ مانگانەی‌ وەردەگرت، بۆیەكەمجار دراوی‌ پەنجا هەزار دیناری‌ بەرچاوكەوت كە لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ رابردوو بانكی‌ ناوەندی‌ بڕیاری‌ خستنەبازاڕی‌ راگەیاندبوو.

مەحمود كە موچەكەی‌ تاڕادەیەك زۆرە، ئەم دراوە نوێیە كاری‌ بۆ ئاسان دەكات بەباشی‌ دەتوانێت موچەكەی‌ لەگیرفانیدا بشارێتەوە، لەمبارەیەوە دەڵێت "جاران ناچار دەبووم موچەكەم لەعەلاگەیەكدا بشارمەوە لەبەر ئەوەی‌ بەدراوی‌ پێنج‌و دە هەزاری‌ زۆر دەردەچوو، لەوە دەترسام بەو هۆیەوە دزیم لێ‌ بكرێت".

ئەگەر ئەم حاڵەتە بۆ مەحمود باش بێت، ئەوا زۆر كەسی‌ تر بەمەترسی‌ دەبینن لەسەر گوزەرانیان، بۆ نموونە عەلی‌ عەبدولستار یەكێكە لەوانە كە بەكرێی‌ رۆژانە لەئەمیندارێتی‌ بەغدا كاردەكات.

ئەو گەنجە رۆژانە دە هەزار دینار وەردەگرێت، هەزار دیناری‌ بۆ هاتوچۆ خەرج دەكات، لەوە دەترسێت ئەم دراوە نوێیە دراوە بچووكەكان لەناو ببات‌و ئیتر رۆژانە لەبری‌ پێنج سەد دینار بۆ هەر سەرێكی‌ پاس، ناچار ببێت هەزار دینار بدات، بەمەش كرێی‌ هاتوچۆی‌ دەبێتە دوو هێندە، ئەمە لەكاتێكدایە كە حكومەت بڕیاریداوە موچەو كرێی‌ فەرمانبەرەكانیشی‌ كەم بكاتەوە.

لەرووی‌ زانستییەوە هیچ پێوەرێك نییە قسەكانی‌ عەلی‌ بسەلمێنێت، بەڵام بەئەزموون دەركەوتووە كاتێك دراوی‌ جۆری‌ بیست‌و پێنج هەزار دیناری‌ چاپكرا، كرێی‌ هاتوچۆی‌ پاس لە 250 دینارەوە بوو بە 500 دینار، بگرە پێشتریش دراوی‌ جۆری‌ سەد دیناری‌‌و دراوی‌ ئاسنیش هەبوون، كەچی‌ هیچیان باویان نەما.

ئێستا بانكی‌ ناوەندی‌ دراوی‌ جۆری‌ 25 دیناری‌‌و سەد دیناری‌ چاپ ناكات‌و بازاڕیش كار بە 50 دیناری‌ ناكەن، بۆیە خەڵكی‌ لەوە دەترسن دراوی‌ 250 دیناریش بەهەمان چارەنووسدا بڕوات.

نەمانی‌ ئەم جۆرە دراوانە لەمامەڵەی‌ رۆژانەدا مانای‌ ئەوەیە كە نرخی‌ كاڵاو شمەكەكان بەرز دەبنەوە‌و بەهۆشیانەوە هەڵاوسان دروست دەبێت‌و كاریگەری‌ راستەوخۆی‌ لەسەر خەڵكی‌ دەرامەت كەم‌و مامناوەند دەبێت.

ئەو كاڵایەی‌ جاران بە 250 دینار دەفرۆشرا راستەوخۆ نرخەكەی‌ دەبێتە 500 دینار، ئەمەش مانای‌ ئەوەیە هێزی‌ كڕینی‌ دینار دادەبەزێت.

بانكی‌ ناوەندی‌ عێراق بەڕێژەیەكی‌ كەم ئەم دراوە نوێیەی‌ خستووەتە بازاڕەوەو داویەتی‌ بەهەندێ‌ فەرمانگەو بانك، بڕیار وایە وردە وردە رێژەكەی‌ بەرز بكرێتەوە.

شارەزایانی‌ ئابوری‌ لەگەڵ ئەوەی‌ هیچ پەیوەندییەكی‌ راستەوخۆ نابینن لەنێوان دەركردنی‌ دراوی‌ نوێ‌‌و هاتنە خوارەوەی‌ هێزی‌ كڕینی‌ دینار، بەڵام پێیان وایە بەشێوەیەكی‌ گشتی‌ كار لەبازاڕ دەكات.

باسم بەسام توێژەری‌ ئابوری‌ بە"نیقاش"ی‌ وت "بازاڕی‌ عێراق ناچێتە چوارچێوەی‌ تیۆرەكانی‌ بازاڕی‌ جیهان، ئەم دراوە نوێیە بۆ ئەوە چاپكراوە قەبارەی‌ دراو لەئاڵوگۆڕە گەورەكاندا كەم بكرێتەوە".

دەشڵێت "شێوازی‌ بازاڕ لەعێراقدا ئەوە دەسەپێنێت لەگەڵ دەرچوونی‌ دراوی‌ نوێدا خەڵك كەمتر خواستیان بۆ ئەوە هەیە كار بەدراوە كۆنەكان بكەن".

بەبڕوای‌ ئەو توێژەرە چارەسەر لەوەدا خۆی‌ دەبینێتەوە بانكی‌ ناوەندی‌ ئەم دراوە بۆ ئاڵوگۆڕە گەورەكان تەرخان بكات‌و لەپاڵیدا دراوە بچووكەكان چاپ بكاتەوە بۆ ئەوەی‌ لەبازاڕدا بمێننەوەو بەهۆیانەوە نرخ بەرز نەبێتەوە.

لەلای‌ خۆیەوە بانكی‌ ناوەندی‌ بەدووری‌ نازانێت بازاڕ بكەوێتە ژێر كاریگەری‌ دەركردنی‌ ئەم دراوە نوێیەوە، بۆیە بڕیاریداوە بیرۆكەی‌ چاپكردنی‌ دراوی‌ سەد هەزار دیناری‌ بۆ ماوەیەك دوابخات كە پێشتر بڕیاری‌ لێدابوو، بۆ ئەوەی‌ بازاڕ كاریگەری‌ گەورەی‌ لەسەر دروست نەبێت‌و هەڵاوسان نەیەتە ئاراوە.

ئێستا دراوە نوێیەكە كەوتووەتە بازاڕەوەو پلانی‌ بانكی‌ ناوەندیش ئەوەیە وردە وردە لەبازاڕدا زۆری‌ بكات، زۆر كەس لەوە دەترسن ئەم هەنگاوە نوێیە بچێتە چوارچێوەی‌ یاسای‌ ماسییەكانەوە كە ماسی‌ گەورە ماسی‌ بچووك دەخوات، بەو هۆیەوە دراوە بچووكەكان لەبازاڕدا بكشێنەوە.